ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی رێككه‌وتنی هه‌ولێر به‌غدا ده‌كات بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كه‌ركووك

رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ نزیكه‌
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

ئەمریکا پاڵپشتی رێککەوتنێك دەکات لە نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ ئەوەی بە هاوبەشی سەرجەم دۆسیه‌كانی کەرکووك بەڕێوەببەن. 

جۆی هود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، بە کوردستان 24ی راگەیاند، وڵاتەکەی عێراقێکی یەکگرتووی بەهێزی دەوێت، بۆ ئەوەی ئەو عێراقەش درووست بێت، پێویستە رێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت.

هاوکات فەرماندەی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق، هۆشداری له‌ مەترسییەکانی داعش ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت، هێشتا بەردەوامە و بۆ چارەسەرکردنی مەترسییەکانی پێویستە رێککەوتن هەبێت.

لە ماوەی تەمەنی دەوڵەتی عێراقدا كه‌ركووك هەمیشە چه‌قی ململانێی نێوان لایەنە جیاوازەکان بووە، ئه‌و شاره‌ ئێستا لە چاوەڕوانی گۆڕانکاريی دایە و بۆ ئەمەش وەك جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق گوتی: "ئەمریکا هەوڵی نزیککردەوەی هەولێر و بەغدا دەدات بۆ رێککەوتن".

جۆی هود ده‌ڵێت: "ستراتیژی ئێمە نەگۆڕە لە عێراق، ئێمە عێراقێکی یەکگرتوو و بەهێزمان دەوێت، بە شێوەیەك بتوانێت خۆی لە سەرجەم هەڕەشەکان بپارێزێت ، بۆ ئەوەی عێراقێکی لەو شێوەیە هەبێ پێویستمان بەوەیە کە پەیوەندی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت".

سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركووكیش ده‌ڵێت: "پێمانوایە و لایەنگری ئەوەین کە رێککەوتنێك بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم سێکتەرەکانی کەرکووك هەبێت لەلایەن خەڵکی شارەکەوە، ئەو رێککەوتنەش دەبێت لەلایەن هەولێر و بەغداوە بکرێت".

ئەوەی زیاتر وادەکات لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەوڵبدەن دۆخی کەرکووك ئاسایی بکەنەوە، ئەوەیە کە مەترسی گەورە لەسەر ئەو شارە هەیە، ئەمە قسەی فەرماندەی هێزەکانی ناتۆبوو لە عێراق.

له‌و باره‌یه‌وه‌ش، جه‌نه‌ڕاڵ دانی فۆرتن، فەرماندەی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق ده‌ڵێت: "هێزەکانی عێراق بە شێوەی سەربازی داعشیان بەزاندووە، بەڵام لەرووی هەبوونەوە، داعش هێزێکی چالاکە و پێویستی بە کاری زیاترە بۆ ئەوەی مەترسییەکانی نەهێڵدرێت، ئێمە پێمانوایە پیویستە هەماهەنگی هەبێ بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییه‌".

پێشتر هەردوو وەزارەتی پێشمەرگەی هه‌رێمی كوردستان و وەزارەتی بەرگری عێراق، زنجیرەیەك کۆبوونەوەیان لە بارەی درووستکردنی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە ناوچەکانی ماددەی 140ئەنجامدا، بەڵام ئەوەی داواکارییەکانی ئەمریکا جیادەکاتەوە لەو کۆبوونەوانە، ئەوەیە واشنتن دەیەوێ کەرکووك نەک تەنها لە رووی سەربازی، بەڵکو لە سەرجەم لایەنەکانەوە بە هاوبەشی ئیدارە بدرێت.

ئ. م