سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق: رژێمی به‌عسی سه‌ددامی كۆمه‌ڵكوژی به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد ئه‌نجامدا
K24 - هه‌ولێر:
عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕینی 31 ساڵ به‌سه‌ر تراژیدیای هه‌ڵه‌بجه و كیمیایبارانی شاره‌كه له لایه‌ن رژێمی پێشووی عێراقه‌وه، سه‌ره‌خۆشی له گه‌لی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت: "یادی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌و تاوانه رۆژێكی ره‌شی دیكه‌ی له تۆماری تاوانه‌كانی رژێمی به‌عسی سه‌ددامی ده‌رحه‌ق به رۆڵه‌كانی گه‌لی كورد زیاد كرد كه وه‌ك عێراقییه‌كانی دیكه رووبه‌ڕووی كوشتن و وێرانكردن و كۆمه‌ڵكوژی بوونه‌وه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له‌م رۆژه‌دا ئه‌و تاوانانه‌مان بیرده‌كه‌ێته‌وه كه هیچ كاتێك بیرناچنه‌وه، ئه‌و برینانه‌ی دیكتاتۆره سه‌ره‌ڕۆكه بڕیاریدا به گازی كیمیایی هێرش بكاته سه‌ر خه‌ڵكی بێ‌تاوان و تاوانی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نجامدا، ئه‌و تاوانه‌ی مرۆڤایه‌تی و ویژدانی جیهانی هه‌ژاند، ئه‌و رۆژه‌ش رۆژێكی ره‌شی دیكه‌یه له تۆماری تاوانه‌كانی رژێمی به‌عسی سه‌ددامی ده‌رحه‌ق رۆڵه‌كانی گه‌لی كورد".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هه‌ڵه‌بجه وه‌ك سێمبولی فیداكاری و شایه‌تحاڵێك له‌سه‌ر تاوانه دڕندانه‌كانی دیكتاتۆرییه‌ت ده‌مێنێته‌وه، دوای تراژیدیای هه‌ڵه‌بجه‌ش سه‌رجه‌م گه‌لانی عێراق رووبه‌ڕووی چه‌قۆی پیاوكوژه‌كان وه‌ستانه‌وه".
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌ڵێت: "بۆ هه‌ڵه‌بجه شكۆ و نه‌مری و بۆ كه‌سوكاری قوربانیانیش شانازی و سه‌بووری ده‌خوازم، سه‌ره‌خۆشی له گه‌لی كورد ده‌كه‌م كه قوربانییه‌كانیان له‌گه‌ڵ شه‌هیدانی دیكه‌ی عێراق له پێناو دیموكراسییه‌ت و ئازادی و پێكه‌وه ژیان له عێراقێكی یه‌كگرتوو و سه‌ربه‌خۆ خوێنی خۆیان به‌خشی".