حه‌مه‌سوور دووشیوانی: له‌لایه‌ن هاوسه‌رۆكان راسپێردراین نێوه‌ندگیری راده‌ستكردنه‌وه‌ی تۆمه‌تبارانی تیرۆر بكه‌ین
K24 - هه‌ولێر:
حه‌مه‌سوور دووشیوانی، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی دووی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له كه‌ركووك، رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌سه‌ر راسپارده‌ی هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی راسپێردراون بۆ ئه‌وه‌ی نێوه‌ندگیری راده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی تیرۆر و داعش به ئیداره‌ی كه‌ركووك بكه‌ین.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی رادیۆی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه به‌شێك له‌و ده‌ستگیركراوانه‌ی راده‌ست ده‌كرێنه‌وه و ژماره‌یان نزیكه‌ی 170 كه‌سه، كاتی خۆی هه‌ندێكیان له شه‌ڕی داعش به‌شدارییان كردووه و ده‌ستگیركراون، به‌شێكیشیان دانیان به تاوانه‌كانیاندا ناوه.
به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی دووی یه‌كێتی له كه‌ركووك له درێژه‌ی قسه‌كانیدا باس له‌وه ده‌كات، كه یه‌كێتی له پێناو دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی سووتاندنی ده‌غڵودان و كوشتنی هاووڵاتیانی كورد ئه‌و كاره‌ی كردووه، هاوكات جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه كه هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك نییه به راده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تبارانه، كاری سووتاندنی ده‌غڵ و دان و كوشتن و ئاواره‌بوونی كورد له ناوچه‌كه كۆتایی بێت، چونكه وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، "ده‌ستی زۆر كه‌سی تێدایه و ره‌نگه بۆ نانه‌وه‌ی ئاژاوه ئه‌و كاره بكه‌ن".
پرسی راده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و 170 تۆمه‌تباره‌ی تیرۆر، كه ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت به‌شێكیان دانیان به تاوانه‌كانیان داناوه، ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری لێكه‌وتووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تیش كه هێشتا كه‌ركووك و ده‌وروبری له ژێر مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش دایه، به‌تایبه‌تیش دوای 16ی ئۆكتبه‌ری 2017، كه به رێككه‌وتنی ژێر به ژێر هێزه عێراقییه‌كان گه‌ڕانه‌وه كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری.