ریال مه‌درید بۆ سێیه‌م وه‌رز له‌سه‌ریه‌ك بووه پاڵه‌وانی چامپیۆنزلیگ
ریال مه‌درید له فایناڵی چامپیۆنزلیگ شكستی به لیڤه‌رپوول هێنا و بۆ سێیه‌م وه‌رز له‌سه‌ریه‌ك بووه پاڵه‌وان.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه، 26 ئایاری 2018، له یاریگه‌ی كێیڤ له ئۆكرانیا له فایناڵی چامپیۆنزلیگ ریال مه‌درید و لیڤه‌رپوول به‌یه‌ك گه‌یشتن.
له خوله‌كی 31، سێرخیۆ رامۆس كاپتنی یانه‌ی ریال مه‌درید به توندی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د سه‌ڵاح به‌ریه‌ككه‌وت و فیرعه‌ونه میسرییه‌كه‌ی ناچار كرد به‌هۆی ئازاری شانیه‌وه به گریانێكی زۆره‌وه یاریگه جێبهێڵێت.
پاشان له خوله‌كی 37 دانی كارڤاخاڵ به‌رگریكاری یانه‌ی ریال مه‌درید تووشی هه‌مان رووداو بوو، پێكان و ئازار ناچاری كرد به گریانه‌وه یاریگه چۆل بكات.
گێمی یه‌كه‌م به یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات، به‌ڵام له گێمی دووه‌م رووداوه گه‌وره‌كان سه‌ره‌تا له هه‌ڵه‌كوشنده‌كه‌ی لۆریس كاریۆسی گۆڵپارێزی لیڤه‌رپوول ده‌ستی پێكرد، كاتێك دیارییه‌كی به كه‌ریم بێنزێما به‌خشی، به‌هۆیه‌وه كه‌ریم گۆڵی یه‌كه‌می بۆ ریال كرد.
پاشان له خوله‌كی 55 یانه‌ی لیڤه‌رپوول له رێگه‌ی سادیۆ مانی ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه، به‌مه‌س سێكوچكه‌كه‌ی لیڤه‌رپوول (مانی، فێرمینیۆ و سه‌ڵاح) ژماره‌ی گۆڵه‌كانیان له چامپیۆنزلیگی ئه‌م وه‌رزه گه‌یانده 30 گۆڵ.
دواتر هێنا ژووره‌وه‌ی گاریس به‌یل و چوونه ده‌ره‌وه‌ی ئیسكۆ هه‌موو شته‌كانی به‌سوودی ریال مه‌درید گۆڕی، به‌یل له‌گه‌ڵ هاتنه‌ژووره‌وه‌ی بۆ نێو یاریگه گۆڵی دووه‌می بۆ ریال زیاد كرد.
پاشان له خوله‌كی 83 گۆڵێكی مێژوویی و مه‌قه‌سی تۆمار كرد و به ته‌واوه‌تی یانه‌ی لیڤه‌رپوولی له بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه بێهیوا كرد و یانه‌ی ریال مه‌درید كرده خاوه‌نی سێیه‌مین ناسناوی له‌سه‌ریه‌كی چامپیۆنزلیگ.