بارزانى: له بڕیاری ریفراندۆم پاشه‌كشه ناكه‌ین مه‌گه‌ر گه‌ره‌نتی گه‌وره‌تر له ریفراندۆم هه‌بێت بۆ گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی
K24 - هه‌ولێر:
مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، گه‌لی كوردستان دوای قوربانیدانێكی بێ‌سنوور و تاقیكردنه‌وه‌ی چه‌ندین ئه‌زموونی تاڵ و پڕ له‌نه‌هامه‌تی, له مانه‌وه له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته نا‌ئومێد بووه.
سه‌رۆك بارزانی روونیشی كرده‌وه، گه‌لی كوردستان بڕیاری داوه مافی سرووشتی خۆی پیاده بكات و له‌و مافه‌ش پاشه‌كشه ناكات، مه‌گه‌ر گه‌ره‌نتییه‌كی گه‌وره‌تر له ریفراندۆم هه‌بێت بۆ گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی.
بارزانی له میانی پێشوازیكردنی له راڵف ئه‌براهام, سیناتۆری كۆمارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، كه به‌سه‌ردانێك له هه‌رێمی كوردستانه، رایگه‌یاند، له‌مێژووی سیاسی نوێ‌دا هیچ یه‌كگرتنێكی به‌زۆر تا كۆتایی سه‌ری نه‌گرتووه.
له دیداره‌كه‌دا، راڵف ئه‌براهام، سه‌رسامی خۆی به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشكه‌وتن و پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌ییه نیشاندا، كه له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و رایگه‌یاند، گه‌لی كوردستان به ماوه‌یه‌كی كه‌م رێگه‌یه‌كی زۆری بڕیووه.
هه‌روه‌ها پێزانینی بۆ قوربانیدان و قاره‌مانیه‌تی پێشمه‌رگه له‌شه‌ڕی تیرۆریستان‌دا هه‌بوو، كه جێگه‌ی شانازییه سه‌ربازانی ئه‌مریكا شانبه‌شانی پێشمه‌رگه شه‌ڕی تیرۆریستان ده‌كه‌ن.
ئه‌و سیناتۆره‌ی كۆمارییه‌كان راشیگه‌یاند، گه‌لی ئه‌مه‌ریكا زۆر به باشی له خه‌بات و داواكانی گه‌لی كوردستان تێده‌گات و پاڵپشتی ده‌كات.
هه‌روه‌ها دووپاتی له به‌رده‌وامبوونی پشتیوانی گه‌لی ئه‌مریكا بۆ گه‌لی كوردستان كرده‌وه و روونیكرده‌وه، كوردستان ناوچه‌یه‌كی ئارام و سه‌قامگیره و بووه‌ته سه‌نگه‌رێكی تۆكمه‌ی ئه‌مریكا و جیهان له‌شه‌ڕی تیرۆریستان‌دا و به‌ڵێنیدا، كه راستییه‌كانی كوردستان وه‌ك خۆی بگه‌یێنێته به‌رزترین ئاستی سیاسی له ئه‌مریكادا.
له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك بارزانی سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی ئه‌مریكای كرد كه له كاتی ته‌نگانه و په‌لاماری تیرۆریستانی داعش یارمه‌تی و هاوكاری كوردستانی داوه و خۆشحاڵی خۆشی به بوونی په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ وڵاتانی هاوپه‌یمانی جیهانی ده‌ربڕی.
له كۆتایی دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا هاوڕابوون، كه له‌گه‌ڵ كۆنگرێسی ئه‌مریكادا له په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام بن و سوپاسی سه‌ردانی راڵف ئه‌براهامیشی بۆ كوردستان كرد بۆئه‌وه‌ی راستییه‌كان وه‌ك خۆی بگه‌یه‌نێ.