سه‌در هه‌ڕه‌شه‌ی توند ده‌كات

"بیر له‌وه‌ مه‌كه‌نه‌وه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م"

K24 - هه‌ولێر:

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و هاوپه‌یمانی سائیروون، هه‌ڕه‌شه‌ی توند ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م، ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆیان راده‌گه‌یه‌نێت.

سه‌در له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، دوای راگه‌یاندنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌ عێراقییه‌كان رێككه‌وتبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند كه‌سێكی "بێلایه‌ن" و "ته‌كنۆكرات" و ده‌ستپاك، بۆ پۆسته‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ن.

به‌ گوێره‌ی تویته‌كه‌ی سه‌در، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی رێككه‌وتبوون كه‌ له‌ تایه‌فه‌گه‌ری و پشك پشكێنه‌ و نه‌ته‌وه‌په‌رستی دووربكه‌ونه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌، هه‌رزوو هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كشانه‌وه‌ و بیرۆكه‌ی "سه‌ربه‌خۆیی" و "ته‌كنه‌كراتیان" ره‌تكرده‌وه‌.

سه‌در راشیگه‌یاندووه‌، هه‌ندێك له‌‌و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییانه‌ عێراق ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ "چوار گۆشه‌ی یه‌كه‌م" و پشك پشكێنه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ "گه‌نده‌ڵه‌كان به‌ جلێكی نوێوه‌" بگه‌ڕێنه‌وه‌ و به‌رده‌وام بن له‌ سه‌پاندنی هه‌ژموونی حزب و دامه‌زراوه‌ ئابوورییه‌ حزبییه‌كان.

له‌و ئه‌گه‌ره‌شدا، سه‌در هه‌ڕه‌شه‌ی توند ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تی و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌وڵانه‌ به‌رده‌وام بن، ئۆپۆزیسیۆن بوونی لیسته‌كه‌ی راده‌گه‌یه‌نێت.

پرسی پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق، گفتوگۆكانی چڕتر كردووه‌ته‌وه‌ و تا ئێستاش گرێكوێره‌ی پرسه‌كه‌، یه‌كلانه‌بوونه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ و به‌هۆی دابه‌شبوونی ناوماڵی شیعه‌، نه‌توانراوه‌ یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌.

تویته‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در
تویته‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در

ئ. م