ھاووڵاتیانی رۆژھەڵاتی كوردستان لە رێگەی كوردستان24 رێنماییه‌كان وەردەگرن

دەستخۆشی لە پلان و ھەوڵەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەن
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران، ھاووڵاتیانی رۆژھەڵاتی كوردستان دەستخۆشی لە پلان و ھەوڵەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەن و دەڵێن لە رێگەی راگەیاندنەكان و بەتایبەت كوردستان24  گوێ لە رێنماییەكانی حكومەت دەگرن و ئێستا وەكو سەرچاوەی زانیاری و ھۆشیاركردنەوە سەیری دامودەزگاكانی ھەرێمی كوردستان دەكەن.

ھەوڵێكی زۆر ھەیە بۆ ئەوەی ھاووڵاتیانی رۆژھەڵاتی كوردستان لە ماڵدا بمێننەوە، چالاكوانان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەیان كەمپەینیان بۆ یارمەتیدان و ھۆشیاركردنەوەی خەڵك راگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەش بەشێك لە ھاووڵاتیان دەڵێن كوردستان24 وەكوو سەرچاوەی زانیاری و ھۆشیاركردنەوە سەیر دەكەن.

بەپێی ئاماری فەرمی حكومەت زیاتر لە 2 ھەزار كەس لە 5 پارێزگای رۆژھەڵاتی كوردستان ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان و لەو ژماره‌یه‌ش زیاتر لە 150 كەس گیانیان لەدەستداوە، ھاووڵاتیان دەڵێن حكومەت كەمتەرخەمە و رێژەی بڵاوبوونەوەش بەردەوام لە زیادبووندایە، ھەربۆیە لە ماڵ مانەوە بە تاكە رێگە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە دەزانن.