عێراق ده‌یه‌وێت به‌ره‌نگاری پرۆژه بڕیارێكی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا بۆ پێدانی چه‌ك به پێشمه‌رگه ببێته‌وه
K24- هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ دوای ئه‌وه‌ی كوردستان 24 هه‌واڵی ئه‌وه‌ی بڵاوكرده‌وه، كه كۆنگریسی ئه‌مه‌ریكا مه‌رجی گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا له پرۆژه بڕیاری پێدانی چه‌ك به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی سڕیوه‌ته‌وه و بۆ له‌مه‌ودوا به‌بێ پرسی به‌غدا هاوكاری سه‌ربازی پێشكه‌ش به هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له په‌رله‌مانی عێراق داوا له ئیبراهیم جه‌عفه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌كات، رێگری له كۆنگریسی ئه‌مه‌ریكا بكات و رێگه نه‌دات ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه یاسای پێدانی هاوكاری سه‌ربازی به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا بدرێت. جه‌ختیشی كرده‌وه، پێویسته پێدانی چه‌ك به پێشمه‌رگه ره‌زامه‌ندی به‌غدای له‌سه‌ر بێت.
له‌مباره‌یه‌وه ئه‌سكه‌نده‌ر وتوت ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له په‌رله‌مانی عێراق گوتی "كێشه‌ی ریفراندۆمی كوردستان هێشتا به‌رده‌وامه" و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "ئه‌ركی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌یه كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكات كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه بڕیاره نه‌دات، تا ئه‌وكاته‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ته‌واوه‌تی چاره‌سه‌ر ده‌بن" هۆشداریشی له‌مابه‌ره‌وه داوه‌ته ئه‌مه‌ریكا.
وه‌ك پێشتریش كوردستان 24 له سایتی ئه‌لمۆنیتۆری ئه‌مه‌ریكی گواستبوویه‌وه "له پرۆژه یاسای بوودجه‌ی ساڵی 2018 دا، كۆنگرێسی ئه‌مریكا بڕی 365 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوكاریكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له رووی سه‌ربازییه‌وه دیاریكردووه و ئه‌و مه‌رجه‌یشی ساڵانی پێشوو بۆ هاوكارییه‌كه دانرابوو كه (له چوارچێوه‌ی یه‌كپارچه‌یی عێراقدا هاوكاری پیشمه‌رگه بكرێت) له پرۆژه‌كه‌ی ئه‌مساڵدا لایانداوه و به بێ مه‌رجی ئه‌وه‌ی كورد له به‌غدا به‌شداربێت یان نا، هاوكارییه‌كه‌یان دیاریكردووه".
له راپۆرته‌كه‌ی ئه‌لمۆنیتۆری ئه‌مه‌ریكیدا هاتووه، دوای ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، له پرۆژه بڕیاری نوێی كۆنگرێس ئه‌و مه‌رجه لادراوه كه پێویستبوو له چوارچێوه‌ی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقدا چه‌ك به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بدرێت.
له‌ساڵی 2003 وه ئه‌مه‌ریكا تێچووی هاوكاریه سه‌ربازیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق سنووری 25 ملیار دۆلاری تێپه‌ڕكردووه، به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانیش، ته‌نیا به‌شێكی زۆر كه‌می ئه‌و هاوكاریانه به‌ده‌ست هێزه‌كانی پێشمه‌رگه گه‌یشتووه، له‌كاتێكدا پێشمه‌رگه وه‌ك به‌شێك له سیسته‌می به‌رگری عێراقی ده‌ناسرا.
ئه‌م بڕیاره‌ی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا له‌كاتێكدایه، به‌شێك له كۆنگرێسمانه هه‌ره‌دیاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه‌مپینێكیان بۆ پشتگیریكردن له سه‌ربه‌خۆیی كوردستان راگه‌یاندووه و دژایه‌تی خۆیان بۆ هێرشه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان نیشان داوه، ژماره‌یه‌كی زۆریشیان داوایان له ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كردووه، پشتگیری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكات.
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا، به‌ر له دوو رۆژ جۆن مه‌كین گه‌وره سیناتۆری دیاری ئه‌مه‌ریكا له گوتارێكدا له رۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمزی ئه‌مه‌ریكی جه‌ختی كردبۆوه "ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا بیه‌وێت له‌نێوان كورد و گروپه میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران و و حه‌شدی شه‌عبی یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت، پێویسته كورد هه‌ڵبژێرێت".
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ماوه‌یه‌كه له‌سه‌ر پرۆژه پێشنیازێكی هه‌ریه‌ك له ترێنت فرانكس و براد شێرمان دوو كۆنگرێسمانی ئه‌مه‌ریكی، كۆنگرێس كار له‌سه‌ر پرۆژه یاسایه‌ك ده‌كات، كه ناوی هه‌ریه‌ك له گروپی عه‌سائیب ئه‌هلول حه‌ق، بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌باء و حیزبوڵڵای عێراقی كه سێ گروپی دیاری حه‌شدی شه‌عبین بخاته لیستی تیرۆره‌وه، چونكه به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی هه‌ریه‌ك له فرانكس و شێرمان پێشكه‌شیان كردووه، ئه‌و سێ گروپه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كرده‌وه‌ی تیرۆریستیان له چه‌ندین ناوچه‌ی عێراق ئه‌نجامداوه.