روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌

رۆژانە 3200 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت

K24- هه‌ولێر:

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، به‌هۆی هاتنی وه‌رزی سه‌رما و زیادبوونی خواست له‌سه‌ر به‌كارهێنانی كاره‌با، قه‌باره‌ی به‌كارهێنانی رۆژانه‌ هه‌زار و 100 مێگاوات زیادی كردووه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌با به‌ هاووڵاتییان، بۆ 15 تا 16 كاتژمێری رۆژانه‌ كه‌م بكرێته‌وه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، "لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی كارەبا توانى ئاستی بەرهەمهێنانی كارەباى رۆژانە بۆ 3200 تا 3300 مێگاوات بەرز بكاتەوە، بەڵام بەهۆی نزمی پلەكانی گەرما و زیادبوونی خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بۆ 4200 مێگاوات، كە لەماوەی یەك هەفتەدا بەكارهێنانی كارەبا 1100 مێگاوات زیادیكردووە، بەمەش ماوەكانی پێدانی كارەبا رۆژانە 15 بۆ 16 كاتژمێر دەبێت".

هه‌روه‌ها جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "وەزارەتی كارەبا لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا و تەواوبوونی پرۆژەكانی گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا، كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەفیڕۆدانی كارەبا و باشتر كۆنترۆڵكردنی، هاوكات لێژنەكانی نەهێشتنی سەرپێچیەكان لەم وەرزەدا بەشێوەیەكی فراوانتر و زیاتر دەست بە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان دەكەن، داوا لەهاوبەشانی كارەباش دەكەین، لەم وەرزەدا زیاد لەپێویستی خۆیان كارەبا بەكار نەهێنن".

H.B