"شاندی پێنج هاوپه‌یمانێتی عێراقی دێنه‌ كوردستان"

بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

به‌ گووته‌ی محەمەد جەمیل مەیاحی سەركردە لە رەوتی حیكمە بڕیاره‌، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەبارەی پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق، بەمنزیكانە شاندێكی ھەر پێنج ھاوپەیمانێتییه‌كه‌ی (سائرون، نەسر، حیكمە، وەتەنییە و بەرەی نیشتمانی سوننەكان) سەردانی هه‌رێمی كوردستان دەكەن.

دوێنێ، ھەریەك لە ھاوپەیمانێتییەكانی سائرونی موقتەدا سەدر، نەسری حەیدەر عەبادی، حیكمەی عەمار حەكیم، وەتەنییەی ئەیاد عەلاوی و بەرەی نیشتمانی سوننەكان لەسەرپێكھێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی رێككەوتن.

بڕیاره‌ پاش جه‌ژنی قوربان، گفتوگۆی نێوان لایه‌نه‌ سیاسی و هاوپه‌یمانێتییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ ده‌ستپێبكات و تا ئێستا باس له‌ سیناریۆی جۆراوجۆر ده‌كرێت بۆ پێكهێنانی ئه‌و حكوومه‌ته‌. قسه‌وباسی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كاندیدكردنی هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی فه‌تح و ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌دری بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران ره‌تكردبێته‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا كۆماری ئیسلامی ئێران ڤیتوی به‌رامبه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئێستا و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی نه‌سر به‌كارهێنابێت، به‌تایبه‌تی پاش ده‌ربڕینی هه‌ڵوێسته‌كانی له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌كردنی عێراق له‌گه‌ڵ سزاكانی سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ كه‌ به‌م دوواییانه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر تاراندا سه‌پاندنی.