به‌ پلانێكى تۆكمه‌ چوار مه‌يمون له‌ سه‌نته‌رى توێژينه‌وه‌كانى ته‌كساس رايانكرد

تيمه‌كانى پاسه‌وانى سه‌ر به‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ سۆراغيان و توانيويانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى باخچه‌ى سه‌نته‌ره‌كه‌ ئه‌و چوار مه‌يمونه‌ ده‌ستگير بكه‌نه‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

چوار مه‌يمون، به‌ پلانێكى تۆكمه‌ توانيان له‌ سه‌نته‌رى توێژينه‌وه‌كانى ويلايه‌تى ته‌كساس رابكات و خۆيان له‌ كۆت و به‌نده‌كانى تاقيكردنه‌وه‌ زانستييه‌كان له‌سه‌ريان رزگار بكه‌ن.

ئه‌و چوار مه‌يمونه‌ له‌ باخچه‌ى سه‌نته‌ره‌كه‌ ياريان كردووه‌ و هه‌ستيان كردووه‌ به‌ جياجيا ناتوانن به‌سه‌ر ديواره‌ به‌رزه‌كه‌ى ده‌وروپشتى باخچه‌كه‌دا باز بده‌ن.

وه‌ك پاسه‌وانه‌كانى سه‌نته‌ره‌كه‌ ئاشكرايانكردووه‌، ئه‌و چوار مه‌يمونه‌ به‌يه‌كه‌وه‌ به‌رميلێكى گه‌وره‌يان گواستووه‌ته‌وه‌ ژێر ديوارى باخچه‌كه‌ و يه‌ك له‌ دواى يه‌ك به‌ هاوكارى يه‌كدى بازيان داوه‌ و خۆيان له‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ ده‌رباز كردووه‌.

به‌ گوێره‌ى زانيارييه‌كان، تيمه‌كانى پاسه‌وانى سه‌ر به‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ سۆراغيان و توانيويانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى باخچه‌ى سه‌نته‌ره‌كه‌ ئه‌و چوار مه‌يمونه‌ ده‌ستگير بكه‌نه‌وه‌ و به‌ سه‌لامه‌تى بيانهێننه‌وه‌ بۆ ژێر تاقيكردنه‌وه‌ زانستييه‌كان.

سه‌رچاوه‌: هافينگتۆن پۆست

ئ.ر