كات و شوێنی كۆبوونەوەی باڵای یەكێتی و پارتی ئاشكرا دەكرێت

پارتی و یه‌كێتی ره‌شنووسی رێككه‌وتنی كۆتایی نێوانیان تاوتوێ ده‌كه‌ن

K24- هه‌ولێر:

لە دوو رۆژی داهاتوودا شاندى باڵای یەكێتیی نيشتمانى كوردستان و پارتی ديموكراتى كوردستان بۆ تاوتوێكردنی دوایین رەشنووسی پرۆژە سیاسییەكەی نێوانیان، كۆده‌نەوە.

لەبارەی كاتی كۆبوونەوەی داهاتووی شاندی باڵای هەردوو مەكتەبی سیاسیی ئه‌و دوو حزبه‌، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بە میدیای فه‌رمیی حیزبه‌كه‌ی راگەیاندووه‌: بڕیاره‌ رۆژی هەینی هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی لە باره‌گای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە سلێمانی كۆببنەوە.

پیره‌ دووپاتیشیكرده‌وه‌، ئامانج لەو كۆبوونەوەیه‌ بۆ گفتوگۆكردنە لە سەر پڕۆژەی سیاسی و رەشنووسی رێككه‌وتنی كۆتایی نێوانیان، به‌ڵام تا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ راگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمی له‌م باره‌یه‌وه‌ رانه‌گه‌یاندووه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەبارەی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و واژۆكردنی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی كۆبووەوە، دوای كۆبوونه‌وه‌كە مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، له‌ راگه‌یەندراوێكدا، ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی 18ـی شوباتی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ مه‌رجی واژۆكردنی رێككه‌وتنامه‌ی سیاسیی نێوان پارتی و یه‌كێتی ده‌به‌ستێتەوە.

لە راگەیەندراوەكەی یەكێتیدا ھاتووە: "لە كۆبونەوەكەدا جەخت كرایەوە، كۆبونەوەی (18ی شوبات)ی پەرلەمانی كوردستان بەندە بە ئیمزاكردنی رێككەوتنامەی سیاسی لەنێوان یەكێتی‌ و پارتی، وەك یەك پاكێچ بۆ هەرێم‌ و بەغدا ‌و كەركووك ‌و پرسە نەتەوەیی‌ و نیشتمانییەكان، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەندار بە پرۆسەی سیاسی‌ و حوكمڕانی‌ و بەدیهێنانی شەراكەتی راستەقینە لە بڕیاردان‌ و راپەڕاندنی ئەركەكاندا. بۆ ئەم مەبەستە مەكتەبی سیاسی هەڵوێستی یەكێتییی نیشتمانی كوردستان بۆ رێككەوتنی سیاسیی گشتگیر لەنێوان یەكێتی ‌و پارتی دووپاتكردەوە".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا ئاماژە بەوەكراوە: "دۆخی كەركووك ‌و ناوچە كوردستانییە دابرێنڕاوەكان بە وردی هەڵسەنگێندرا، مەكتەبی سیاسی، پرسەكە وەك پرسێكی نیشتمانیی ‌و نەتەوەیی دەبینێ و بەرپرسیارێتیی هەموو هێزە كوردستانییە تێكۆشەرەكانە هەوڵی چارەسەركردنی دۆخی نائاسایی ئەو ناوچانە بدەن".

H.B