وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چین په‌یامێك ئاراسته‌ی نێچیرڤان بارزانی ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
له په‌یامێكدا كه له ڕێگه‌ی كو‌نسوڵی گشتیی وڵاته‌كه‌یان ئاراسته‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه، وانگ یی هو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چین جه‌خت له په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و په‌ككین ده‌كاته‌وه و هیوای خواستووه، هه‌وڵ بۆ پاراستنی ئه‌و ئارامییه بدرێت كه به‌م دواییه له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دروست بووه، دوور له گرژی و له ڕێگه‌ی دیالۆگ و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عیراق، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و مافی هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌سته‌به‌ر بكرێت.
ئێواره‌ی سێشه‌ممه نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ تان بانگلین كو‌نسوڵی گشتیی كۆماری چینی میللی له هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كۆبووه‌وه و، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له دوا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه و عیراق و هه‌رێمی كوردستان كرا. كو‌نسوڵی چین جگه له گه‌یاندنی په‌یامی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی به سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، جه‌ختی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایشى به ڕێگه‌ی گفتوگۆ و دیالۆگ كرده‌وه.
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و په‌یامه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه و كو‌نسوڵی گشتیی چینی كرد كه هه‌وڵی داوه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و په‌ككین په‌ره‌پێبدات و دووپاتی كرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان خوازیاری ئه‌وه‌یه په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ چین هه‌بێت.
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه ئاماده بووه بۆ گفتوگۆ و دیالۆگێكی جددی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌وڵی جددیش ده‌ده‌ن گرژییه‌كان دووباره نه‌بنه‌وه و له‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌رده‌وام ده‌بن.