حیزبوڵڵا رووی مووشه‌كه‌كانی له‌ ئه‌نبار كردووه‌ته‌ هێزه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان و عه‌بادیش هۆشداری ده‌دات

K24- هه‌ولێر:

له‌ئه‌گه‌ری هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هۆشداری دایه‌ میلیشیاكانی گروپی حیزبوڵڵای سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی، كه‌ ده‌گوترێت له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتگیری و هاوكاری ده‌كرێن.

له‌ راپۆرتێكی سایتی "عه‌ره‌بی جه‌دید"ـدا ئاماژه‌ به‌ ناكۆكیه‌كانی نێوان حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵڵا كراوه‌، به‌تایبه‌ت دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ حیزبوڵڵا به‌نیازی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و هێرشانه‌یه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ی ئه‌لبوكه‌مال كرایه‌ سه‌ر میلیشیاكانیان و تێیدا به‌ده‌یان كه‌س كوژران و بریندار بوون.

له‌مباره‌شه‌وه‌ میدیا عێراقییه‌كان چه‌ند زانیارییه‌كیان دركاندووه‌‌ كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵڵا مووشه‌كی پێشكه‌وتووی دژه‌ فڕۆكه‌یان له‌سه‌ر سنووری نێوان عێراق و سووریا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و سایته‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ له‌ زارى به‌رپرسێكی عێراقی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵڵای عێراقی به‌نیازن تۆڵه‌ی بۆردومانكردنی میلیشیاكانیان له‌ ناوچه‌ی ئه‌لبوكه‌مال بكه‌نه‌وه‌ و بنكه‌ی "عه‌ین ئه‌سه‌د" له‌ رۆژئاوای ئه‌نبار بۆردومان بكه‌ن، كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌مه‌ریكیيه‌كانه‌وه‌ به‌كارده‌هێندرێت.

ئه‌م گۆڕانكاریه‌ش دوای ته‌نیا رۆژێك هاتووه‌، كه‌ میلیشیاكانی ئه‌و گروپه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا دووپاتیكرده‌وه‌، "تاوانی بۆردومانكردنی چه‌كداره‌كانیان ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ كردنه‌وه‌ی جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و بڕیاره‌یان پاشه‌گه‌ز نابنه‌وه‌".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، دوای گیانله‌ده‌ستدانی ژماره‌یه‌ك له‌ برینداره‌كانی میلیشیاكانی ئه‌و گروپه‌، ژماره‌ی كوژراوانی حیزبوڵڵا له‌ هێرشه‌كه‌ی ئه‌لبوكه‌مال گه‌یشتووه‌ته‌ 24 كه‌س، وێڕای بوونی چه‌ندین برینداری دیكه‌ له‌ژێر چاودێری چڕی پزیشكی له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی به‌غدا.

شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ له‌سه‌ر دووشه‌ممه‌ی رابردوو، میلیشیاكانی حیزبوڵڵای عێراقی كه‌ له‌سه‌ر سنووری نێوان عێراق و سووریا له‌ نزیك ناوچه‌ی ئه‌لبوكه‌مال جێگیر كرابوون، رووبه‌ڕووی چه‌ند هێرشێكی ئاسمانی بوونه‌وه‌ و، فه‌رمانده‌یی حه‌شدی شه‌عبیش هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشانه‌ تۆمه‌تبار كرد و له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كوژرانی 22 چه‌كداری حه‌شد و برینداربوونی 12ی دیكه‌ی راگه‌یاند.

دوای ئه‌و هێرشه‌ش، فه‌رمانده‌یی حه‌شدی شه‌عبی لێژنه‌یه‌كی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و رووداوه‌ پێكهێنا و بڕیاره‌ له‌ داهاتوودا ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یان بۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق به‌رز بكه‌نه‌وه‌.

هه‌ر له‌باره‌ی تۆمه‌تباركردنی ئه‌مه‌ریكا به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه‌، جۆش جاك، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا دووپاتیكرده‌وه‌، "نه‌ك ته‌نیا ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵكو هیچ هێزێكی ئه‌ندام له‌ هاوپه‌یمانی دژ به‌ داعش ئه‌و هێرشانه‌ی ئه‌نجام نه‌داوه‌".

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و رووداوه‌ كه‌ناڵی "سی ئێن ئێن" له‌ چه‌ند به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مه‌ریكی گواستییه‌وه‌، هێرشه‌كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌ و به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكیش به‌ سی ئێن ئێنی راگه‌یاندووه‌، "ئه‌و هێرشه‌ی كراوه‌ته‌ سه‌ر گروپه‌كانی سه‌ر به‌ رژێمی سووریا له‌ نزیك ئه‌لبوكه‌مال، له‌لایه‌ن هێزى ئاسمانی ئیسرائیله‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "ئیسرائیل سووره‌ له‌سه‌ر رێگریكردن له‌ ئێران و رێگه‌ نه‌دات تاران ده‌ستی به‌و رێگایه‌ بگات كه‌ به‌یروت و تاران به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێت"، گوتیشی، "ئه‌و هێرشه‌ی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل ئه‌نجامی داوه‌، كارێكی زۆر سه‌خته‌، چونكه‌ پێویسته‌ مه‌ودای 560 كیلۆمه‌تر بفڕن تاوه‌كو بگه‌نه‌ ئاسمانی ئه‌لبوكه‌مال".

له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێك كه‌ هێزه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی واشنتۆن له‌ناو خاكی عێراق بكرێنه‌ ئامانج، هۆشداری دایه‌ سه‌ركرده‌ و فه‌رمانده‌كانی حیزبوڵڵا.

فه‌رمانبه‌رێكی پله‌ باڵا له‌ نووسینگه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی كه‌ ئاماژه‌ به‌ناوی نه‌كراوه‌، رایگه‌یاند، عه‌بادی ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌ركرده‌ی حه‌شدی شه‌عبی ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، له‌ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر هێزه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان، واشنتۆن وه‌ڵامی زۆر توندتری ده‌بێت و له‌وانه‌شه‌ به‌هۆی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی حیزبوڵڵا جه‌نگێكی خوێناوی له‌ناو خاكی عێراق هه‌ڵگیرسێت.

ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ی نووسینگه‌ی عه‌بادی ئاشكراشیكرد‌، "ماوه‌ی دوو رۆژه‌ شێخ ئه‌بو كازم موسه‌وی سه‌ركرده‌ی میلیشیاكانی حیزبوڵڵا له‌به‌غدایه‌ و بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ناو خاكی عێراق، له‌گه‌ڵ چه‌ندین به‌رپرس و فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كۆبووه‌ته‌وه‌".

هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌، "چه‌كدارانی حیزبوڵڵا ده‌یانه‌وێ له‌ڕێگه‌ی بۆردومانكردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ رۆژئاوای ئه‌نبار، تۆڵه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌لبوكه‌مال كرایه‌ سه‌ر میلیشیاكانیان، له‌كاتێكدا ئه‌و هێزه‌ ئه‌مه‌ریكیانه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌كان ئه‌ركی چاودێری ئاسمانی و سنووریان له‌ئه‌ستۆ گرتووه‌، وێڕای مه‌شقپێكردن به‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، سایتی غه‌د پرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی گواستییه‌وه‌، "میلیشیای كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵڵای عێراقی مووشه‌كی زیره‌كی دژه‌ فڕۆكه‌یان به‌ده‌ست هێناوه و بڕیاریانداوه‌ بۆ لێدانی هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل، له‌سه‌ر هێڵی سنووری نێوان سووریا و عێراق جێگیر بكه‌ن‌"، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاشكراشیكردووه‌، "مووشه‌كه‌كانیان ده‌توانن له‌ هه‌موو دۆخه‌كانی كه‌ش و هه‌وادا فڕۆكه‌كان بكه‌نه‌ ئامانج".

كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵڵای عێراقی پێنج گروپ له‌خۆ ده‌گرێت ئه‌وانیش: "ئه‌بو فه‌زڵ ئه‌لعه‌باس، كه‌تائیب كه‌ربه‌لا، زه‌ید بن عه‌لی، عه‌لی ئه‌كبه‌ر و كه‌تائیب ئه‌لسجاد" و له‌ چه‌كدار و میلیشیاكانی سه‌ر به‌ "رێكخراوی به‌در، سوپای مه‌هدی و عه‌سائیب ئه‌هلول حه‌ق" پێكهاتوون و، ژماره‌یان ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 5 هه‌زار چه‌كدار، كه‌ ئێستا 2 هه‌زاریان له‌ سووریان و په‌نجه‌ی ئه‌نجامدانی تاوانی گه‌وره‌ی تایفی دژ به‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له‌و وڵاته‌ بۆیان درێژ ده‌كرێت، هه‌روه‌ها ده‌شگوترێت، ده‌ستیان له‌پشت ئه‌نجامدانی چه‌ندین كوشتارگه‌ی تایفی و كاری رفاندن له‌ناو خاكی عێراق هه‌یه‌ و به‌وه‌ش تۆمه‌تبار ده‌كرێن، كه‌ گه‌وره‌ترین زیندانی نهێنی له‌ناوچه‌ی جه‌رفول سه‌خر له‌ باكووری شاری بابل هه‌یه‌.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و هێرشه‌ی له‌ نزیك ئه‌لبوكه‌مال كرایه‌ سه‌ر میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی، شه‌وی رابردوو زاحی خه‌لفان، جێگری پێشووی سه‌رۆكی پۆلیس و ئاسایشی میرنشینی دوبه‌ی به‌رپرسیارێتی خۆی له‌ هێرشه‌ ئاسمانیه‌كه‌ی سه‌ر كه‌رته‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ناو سووریا راگه‌یاند.

له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، خه‌لفان ئاشكرایكرد: "من ته‌لئه‌ڤیڤم ئاگاداركردۆته‌وه‌ كه‌ چه‌ند هێزێكی سه‌ر به‌ ئێران له‌ رۆژهه‌ڵاتی سووریا جێگیر بوونه‌ و، دوای ئه‌وه‌ش ئیسرائیل هێرشی سه‌ر ئه‌و پێگه‌ سه‌ربازیانه‌یكرد، كه‌ زانیاریم له‌سه‌ریان به‌ ئیسرائیل دابوو".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئیمارات گوتیشی، "ئێران هیچ له‌باره‌ی كوشتارگه‌كه‌ نادركێنێت و په‌رده‌پۆشی ده‌كات... دڵنیام كه‌ سوپای قودس وه‌ڵامی ئه‌و هێرشه‌ی ئیسرائیل ده‌داته‌وه‌".

گروپی حیزبوڵڵای عێراقی كه‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتگیری ده‌كرێت، له‌ساڵی 2012 له‌لایه‌ن ره‌زا وه‌حیدی، ژه‌نه‌راڵی دیاری سوپای پاسدارانه‌وه‌ دامه‌زراوه‌.

H.B