كەشناسی هۆشداریی دەداتە ھاووڵاتی و شوفێران

لە زۆربەی ناوچەكان شەختە دروست دەبێت

K24 - ھەولێر

كەشناسی ھۆشداری دەداتە ھاووڵاتیان و شوفێران كە ماوەی دوو رۆژ بەتایبەتی لەكاتەكانی بەرەبەیانی لە رێگاكانی چەندین ناوچە شەختە دروست دەبێت، بۆیە داوایان لێدەكات وریای خۆیان بن.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان ھۆشداریی دەداتە ھاووڵاتیان و شوفێران دەكات، لە كەوتنی شەختە لە كاتەكانی بەرەبەیانی زووی ئەمڕۆ یەكشەممە و سبەی رۆژی دووشەممە بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەكان و قەزاو ناحیە و گوندەكانی نێویان لەگەڵ سەنتەری پارێزگاكان.

كەشناسی رێنمایی شوفێران دەكات، زۆر وریابن لەكاتی لێخوڕین بەتایبەتی لە كاتەكانی بەرەبەیانی ناوچە شاخاوییەكان و بەرزو نزمەكان.

داواش لە دایك و باوكان دەكات "ئامۆژگاری جگەرگۆشەكانتان بكەن كەوا زۆر ئاگاداری خۆیان بن، لەكاتی رۆیشتنیان بۆ قوتابخانەكان و دووربكەونەوە لەو رووبەرانەی كە بە شەختە داپۆشراون و تا بكرێت یارمەتیان بدەن بۆ گەیشتن بۆ شوێنی مەبەست تا دووربن لە مەترسییەكانی خلیسك و خوانەخواستە بەربوونەوەیان".

ھ.م