ئەو کچەی رێگری لە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرێک کرد سزادرا

پێشتر بە گرتە ڤیدیۆیەک رێگری لە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرێک کردبوو

23ی تەمموز کاتێک ئیلین رێگری لە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرەکە کرد

K24 – هه‌ولێر:

لە 23ی تەمموزی ئەمساڵ، ئیلین ئیرسۆن، هاووڵاتییەکی سوویدی، رێگری لە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرێکی ئەفغانی کرد و ڤیدیۆی خۆی لەناو فڕۆکەکە بڵاوکردەوە کە بۆ ئەو پەنابەرە ئەفغانییە دەگریا کە لە دواین گەشتی بوو بۆ وڵاتەکەی، ئەوەش لە کاتێکدابوو، ئەو پەنابەرە داواکاری مانەوەی لە سووید رەتکرابوەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، دادگای شاری گۆتێنبورگ (یۆتۆبۆری) رایگەیاندووە، ئیلین ئیرسۆن یاسای ئاسمانییەکانی پێشێلکردووە و بەهۆیەوە بۆ ماوەی شەش مانگ زیندانی دەکرێت یان دەبێت پڕە پارەیەکی دیاریکراو وەک سزای سەرپێچی بدات.

جەیمس ڤۆن ریس، داواکاری گشتی، بە رۆژنامەی سڤێنسکای سوویدی گوتووە: "ئەو مەبەستی بووە رێگری لە فڕینی فڕۆکەکە بکات"، بەڵام پارێزەری ئیلین رەتیدەکاتەوە ئەو کچە سوویدییە هیچ یاسایەکی پێشێلکردبێت.

H.J