حکوومەتی هەرێمی کوردستان ماتەمینی راگەیاند

چالاكی و ئاهەنگە فەرمییەكانی جەژنی نەورۆز ڕادەگرێت

K24 – هه‌ولێر:

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هۆی رووداوەکەی دوێنی شاری مووسڵ، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا راگرتنی بۆنە و ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆزی راگەیاند.

ده‌قی پەیامەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

خەم و پەژارەی قووڵی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ كارەساتی گیانلەدەستدانی دەیان كەس لە هاووڵاتیانی شاری مووسڵ كە دوێنێ لە ڕووباری دیجلەدا بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێكەوە گیانیان سپارد. لەیەكەم ساتی ڕووداوەكەشەوە هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی تەندروستی و فریاگوزاری لە هەرێمی كوردستان ڕاسپێردراون بەدەم برینداران و لێقەومانه‌وه‌ بچن و بە شێوەیەكی بەردەوام لە چاودێریكردنی ڕەوشەكەداین، ئەمەش بە ئەركی نیشتمانی و برایەتیی هاوبەشمان دەزانین.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشدار و هاوبەشی ماتەمی گشتییە لە عێراق و بەم بۆنەیەشەوە چالاكی و ئاهەنگە فەرمییەكانی جەژنی نەورۆز ڕادەگرێت. بەهەشتی بەرین بۆ قوربانییان لە خوای مه‌زن داواكارین و سەبووری بۆ كەسوكاری بەڕێزیان و هیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەكان دەخوازین. 

H.J