به‌ڤیدیۆ.. ئێرانییه‌كان ده‌ستدرێژی ده‌كه‌نه سه‌ر عێراقییه‌كان.. كوژراو و برینداریش هه‌ن
K24- هه‌ولێر:
چه‌ند گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراونه‌ته‌وه، له دیمه‌نه‌كانیاندا ده‌ستدرێژییه‌كانی خه‌ڵكی ئێران بۆ سه‌ر گه‌شتیارانی عێراقی نیشان ده‌ده‌ن و ئاماژه به‌وه دراوه، به‌مدواییانه ئێران شوێنێكی سه‌قامگیر نییه بۆ هاووڵاتیانی عێراقی و به به‌رده‌وامی گه‌شتیار و زیاره‌تكارانی عێراقی له‌و وڵاته رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژی، ئه‌شكه‌نجه‌دان و دزی لێ‌كردن ده‌بنه‌وه.
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و گرته ڤیدیۆییانه‌ش له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه زۆربه‌ی ئه‌و رووداوانه له مانگی ئابی رابردوو روویانداوه، حكوومه‌تی عێراق رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی توندی چالاكوانان بووه‌ته‌وه، به‌هۆی بێده‌نگ بوونی به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ی كه له‌ناو خاكی ئێران ده‌كرێته سه‌ر هاووڵاتیانی عێراقی.
له یه‌كێك له گرته‌كاندا كه به نهێنی تۆماركراوه، دیمه‌نی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر ئه‌و گه‌شتیاره عێراقیانه نیشان ده‌درێت، كه سه‌ردانی مه‌زاری ئیمام ره‌زا له شاری مه‌شهه‌د كردووه.
وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، خه‌ڵكی ئێران به‌مدواییانه له‌ڕێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه ده‌ستیان داوه‌ته هه‌ڵمه‌تێكی دژایه‌تیكردنێكی ره‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌ی عه‌ره‌به‌كان به گشتی و خه‌ڵكی عێراق به‌تایبه‌ت.
له گرته‌یه‌كی دیكه‌دا نیشان ده‌درێت، كاتێك ئێرانییه‌كان له نزیك شاری قوم كه به‌حه‌وزی مه‌رجه‌عی شیعه ناسراوه، به بۆمبی مۆڵتوفی ئاگرین هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر زیاره‌تكاره عێراقییه‌كان و، له‌و رووداوه‌دا چه‌ندین كه‌س بوونه‌ته قوربانی. به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، ئه‌و رووداوانه دوور له چاوی میدیاكان ماونه‌ته‌وه و ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی رێگه‌یان نه‌داوه زانیاری له‌مباره‌یه‌وه به‌ده‌ست هیچ ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن بدرێت.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌شدراوه، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه ته‌رمی قوربانیانی ئه‌و رووداوانه راده‌ستی عێراق بكه‌ن، تا ئه‌وكاته‌ی عێراق به‌ڵێن ده‌دات ئه‌و رووداوانه به‌نهێنی بهێڵێته‌وه و به‌شێوه‌یه‌ك باس له رووداوه‌كه بكات، كه ته‌نیا رووداوێكی ئاگركه‌وتنه بووه له پاسێك، ئه‌مه‌ش بۆئه‌وه‌ی ترس له گه‌شتیارانی عێراق نه‌نیشێت و له گه‌شتكردن بۆ ئێران سڵ نه‌كه‌نه‌وه، له‌كاتێكدا وه‌ك له‌و گرته ڤیدیۆییه‌دا تۆماركراوه، له‌كاتی هێرشه‌كه‌یان بۆ سه‌ر ئه‌و پاسه عێراقییه، ئێرانییه‌كان داوای مردن بۆ عێراقییه‌كان ده‌خوازن و زانیارییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، له‌ناو كوژراواندا ژماره‌یه‌ك ئافره‌ت و منداڵیش هه‌ن.
له‌باره‌ی ئه‌و رووداوانه، سایتی ئه‌لیكترۆنی "عه‌ره‌بی جه‌دید" گوته‌ی چه‌ند زیاره‌تكارێكی عێراقی كه له‌و رووداوانه‌دا ئاماده‌بوون بڵاوكردووه‌ته‌وه، "ئه‌و عێراقیانه‌ی له ئێران گه‌ڕاونه‌ته‌وه باس له چه‌ند رووداوێكی تۆقێنه‌ر ده‌كه‌ن كه له ده‌ستی ئێرانیه‌كان تووشیان هاتوون و خه‌ڵكی ئێران به ره‌گه‌زپه‌ره‌ست وه‌سف ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی كه باسی ئه‌و هێرشانه ده‌كه‌ن، چه‌ندین كه‌سی نزیكیان له‌و هێرشانه‌ی ئێرانییه‌كاندا له‌ده‌ستداوه و زۆربه‌ی ئه‌وانیش به برینی سه‌خته‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ عێراق".
عه‌ممار حوسه‌ینیش كه هاووڵاتییه‌كی عێراقی ته‌مه‌ن 39 ساڵییه خۆی و باوكی كه‌وتوونه‌ته به‌ر یه‌كێك له‌و هێرشانه و ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ باوكم سه‌ردانی ئێرانم كرد بۆئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی چاوه‌كانی بكه‌ین، له‌كاتی مانه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له هاوڕێكانمان له یه‌كێك له ئوتێله‌كانی شاری تاران، به‌چه‌ك هێرشمان كرایه سه‌ر و هاووڵاتیێكی عێراقی له‌و هێرشه‌دا كوژرا و من و باوكم و یه‌كێك له هاوڕێكانیشم به‌سه‌ختی بریندار بووین".
حوسه‌ینی بۆ عه‌ره‌بی جه‌دید ئاشكراشیكرد، "به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشتر چه‌ندین جار گه‌شتی ئێرانم كردبوو و تاڕاده‌یه‌ك شاره‌زاییم له زمانی فارسی په‌یدا كردبوو، گوێبیستی چه‌ندین درووشمی ره‌گه‌زپه‌ره‌ستانه بووم، وه‌ك "مردن بۆ عه‌ره‌ب"، به‌ڵام به‌رامبه‌ر به عێراقییه‌كان ئه‌و رق و كینه‌یان چه‌ندین جار زیاتره، بۆیه گه‌ڕامه‌وه عێراق و بڕیارمدا بۆ چاره‌سه‌ری باوكم سه‌ردانی توركیا بكه‌م".
لوئه‌ی حه‌قی، كه نووسه‌رێكی سیاسییه، له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ژماره‌یه‌ك وێنه‌ی مامۆستایه‌كی زانكۆی عێراقی بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه له یه‌كێك له بنكه‌كانی پۆلیسی شاری مه‌شهه‌د ده‌ستدرێژی ده‌كرێته سه‌ری. حه‌قی له كۆمێنته‌كه‌یدا له‌سه‌ر ئه‌و وێنانه ده‌ڵێت: "دكتۆر "ر.ع" مامۆستای یاریده‌ده‌ر له زانكۆی موسته‌نسرییه، خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی كه له هاوسه‌ره‌كه‌ی و 4 كچه‌كه‌ی پێكهاتوون، له شاری مه‌شهه‌دی ئێرانی رووبه‌ڕووی ده‌سدرێژی و ئه‌شكه‌نجه‌دان و سووكایه‌تیپێكردن بوونه‌ته‌وه، كه بۆ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری پزیشكی بۆ خێزانه‌كه‌ی سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ی كردووه".
حه‌قی ئاشكراشیكردووه: "پۆلیسی ئێرانی به‌ناحه‌ق مامۆستا عێراقییه‌كه و خانه‌واده‌كه‌ی تۆمه‌تبار كردووه، له‌كاتێكدا دواتر ئه‌و مامۆستایه عێراقیه بۆ داكۆكیكردن له مافی خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی سه‌ردانی كونسۆڵخانه‌ی عێراقی كردووه له تاران، به‌ڵام كونسۆڵ ئاماده نه‌بووه چاوی پێ بكه‌وێت".
دوای ئه‌و رووداوانه‌ش، وه‌ك ئه‌و سایته ئاماژه‌ی پێده‌كات، هاووڵاتیانی عێراق بۆ چاره‌سه‌ری پزیشكی له‌جیاتی ئێران، ئێستا روو له وڵاتی توركیا ده‌كه‌ن.
چه‌ند خاوه‌ن كۆمپانیایه‌كی گه‌شتیاریش ئاشگرایانكردووه، رۆژ به‌ڕۆژ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له عێراقه‌وه بۆ سه‌ردانی پزیشك گه‌شتی توركیا ده‌كه‌ن، روو له زیادبوونه، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی رابردوودا له ئێران رووبه‌ڕووی زنجیره‌یه‌ك هێرش و ده‌ستدرێژی بوونه‌ته‌وه و تائێستاش چه‌ندین كه‌س كوژراون و بریندار بوونه.
تاڵب ره‌بیعی كه خاوه‌نی كۆمپانیایه‌كی گه‌شتیارییه ده‌ڵێت: "دوای ئه‌وه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی پابه‌ندی ئه‌و سزایانه بووه، كه ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئێران دایناون، خه‌ڵكی ئێران ده‌ستدرێژی ده‌كه‌نه سه‌ر ئه‌و هاووڵاتیه عێراقیانه‌ی كه سه‌ردانی وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن، جا چ زیاره‌تكار یانیش نه‌خۆش یاخۆد گه‌شتیار بن، زۆربه‌شیان له پارێزگاكانی باشووری عێراقه‌وه ده‌چن".
ره‌بیعی گوتیشی، "به‌هۆی ئه‌و ره‌گه‌زپه‌ره‌ستیه‌ی ئێرانییه‌كانه‌وه، ئێستا توركیا بۆ هاووڵاتیانی عێراقی بووه‌ته جێگره‌وه بۆئه‌وه‌ی به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری سه‌ردانی ئه‌و وڵاته بكه‌ن، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه كه توركیا ئاسانكاری زۆری بۆ پێدانی ڤیزا به گه‌شتیارانی عێراقی كردووه، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ی سه‌رنجی گه‌شتیاران به‌لای توركیادا لار بووه‌ته‌وه و تادێت پشت له ئێران ده‌كه‌ن".
H.B