سیستمی ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی كوردستان دیار دەكرێت

كۆمسیۆن: بیرۆكەی خۆمان ھەیە و دەمانەوێت بە راوێژ لەگەڵ لایەنەكان یەكلایی بكرێتەوە

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، بۆ بڕیاردان لەبارەی سیستمی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان، راوێژ لەگەڵ لایەنەكان و شارەزایان دەكەن و دواجار سیستمێك دیار دەكرێت.

شێروان زرار، گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "بەپێی ئەو فەرمانەی كە لە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئاراستەی كۆمسیۆن كراوە، تێیدا ئاماژە بەوەكراوە كە كۆمسیۆن دەست بكات بە ئامادەكاری بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان پێویستە جارێكی دیكە بە فەرمانێكی دیكە لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئاگادار بكرێینەوە، ئەگەر ئەوەش بكرێت دەتوانین بۆ ھەردوو ھەڵبژاردنەكە پێكەوە ئامادەكاری بكرێت، پێشتر ئێمە وەك كۆمسیۆن بە نووسراوی فەرمی داوامان لە كۆمسیۆن كردبوو كە پێمان باشە ھەرسێ ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ھەرێم و پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە یەككاتدا ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان یەكجار بێنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و یەكجاریش خەرجی بۆ ھەڵبژاردنەكان تەرخان بكرێ".

لەبارەی شێوازی ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی كوردستان شێروان زرار،گوتی: "ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ ئێمە تاقیكردنەوەیەكی گرنگ بوو، كە ئێستا دەبینین بەھۆی ئامێری ئەلیكترۆنی لە كۆی 9 قەوارەی سیاسی لە ھەرێمی كوردستان 7 قەوارەیان ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن رەتدەكەنەوە و لە ھەموو عێراق سكاڵای زۆر تۆماركراوە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت بە راوێژ لەگەڵ لایەنەكان و شارەزایانی پرۆسەی ھەڵبژاردن بڕیار لە شێوازی ھەڵبژاردنەكانی كوردستان بدەین".

روونیكردەوە: "ئێمە خاوەن بیرۆكەی خۆمانین، بەڵام دەمانەوێت بۆچوونی لایەنەكانی لەسەر وەربگرین، بۆ ئەوەی بە ھەموو كایەك بگەینە بڕوایەك كە كامە سیستم بۆ ھەڵبژاردن باشترە، بە ئامێری ئەلیكترۆنی بێت یان وەك جارن بە دەست بێت".

ھ.م