خەڵكی رۆژئاوای كوردستان لەبارەی عەفرین داوای ھەڵوێست لە ئەمریكا دەكەن

كەسوكاری شەھیدانی رۆژئاوای كوردستان یاداشتێك ئاراستەی نوێنەرانی ئەمریكا دەكەن
kurdistan24.net

K24 - كۆبانێ

ژمارەیەك لە كەسوكاری شەھیدانی رۆژئاوای كوردستان، بە بەرزكردنەوەی وێنەی شەھید و بریندارانی عەفرین، وەك ناڕەزایەتی دەربڕین چوونە بەردەم بارەگایەكی ئەمریكا لە باشووری كۆبانێ و داوایان كرد، كە ئەمریكا ھەڵوێستی جدی لەبارەی عەفرین ھەبێت و داوای وەستاندنی شەڕ لە توركیا بكات.

كەسوكاری شەھیدان لە رۆژئاوای كوردستان، جگە لە ناڕەزایەتی دەربڕین یاداشتێكیان لەبارەی عەفرین ئاراستەی نوێنەری ئەمریكا لە سنووری كۆبانێ كرد و راشیانگەیاند، تا وەڵامیان نەدرێتەوە بەردەوام دەبن لە خۆپێشاندان.

وەحیدە حەمۆ، یەكێكە لە بەشداربووانی خۆپێشاندانەكە بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێمە وەك دایكی شەھید و كەسوكاری شەھیدان لە رۆژئاوای كوردستان داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین و ئەمریكا بەتایبەتی دەكەین، كە بۆردوومان و تۆپبارانەكانی توركیا بۆسەر عەفرین بوەستێنن، كۆمەڵكوژی لە عەفرین ئەنجامدەدرێت، ژن و منداڵ دەكوژرێن، داوا دەكەین ئەو شەڕە بوەستێندرێت و ھێزەكانی ئەردۆغان لە رۆژئاوای كوردستان بكشێنەوە".

بەشداربوێكی دیكە بەناوی سوزان ئەحمەد، گوتی: "داوامان لە ھێزەكانی ئەمریكا كرد كە شەڕی عەفرین رابگیرێت و كۆمەڵكوژی عەفرینمان شەرمەزاركرد كە بە بەردەم چاوی ھەموو جیھان ئەنجامدەدرێت، نامەیەكمان ئاراستەی نوێنەرایەتی ئەمریكا لە ناوچەكە كرد كە ھەڵوێستیان لەبارەی كۆمەڵكوژی عەفرین ھەبێت".

ساڵحە موسا، بە كوردستان24 گوت: "تا ھێرشی ئاسمانی بۆسەر عەفرین بەردەوام بێت، بەردەوام دەبین لە خۆپێشاندان لەبەردەم بارەگای ئەمریكا لە باشووری كۆبانێ".

ئەمە لەكاتێكدا ماوەی دوو مانگە سوپای توركیا ھێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر عەفرین دەستپێكردووە و لەم چەند رۆژەی دوایشدا بوردوومان و تۆپبارانی بۆسەر ناوەندی شارەكە چڕتر كردووەتەوە. بە گوێرەی دوایین ئامارەكان كە لە نەخۆشخانەكان و میدیای یەپەگە بڵاوكراونەتەوە، نزیكەی 300 ھاووڵاتی سڤیل شەھیدبوون و زیاتر لە 600 كەسی دیكەش بریندار.

ھ.م