بە تەنیا جێی مەھێڵن
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ 31 ساڵ بەسەر كیمیایبارانی ھەڵەبجە تێدەپەڕێت، كە لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا لە 16/3/1988 رژێمی بەعسی عێراق ھەڵەبجەی كیمیایباران كرد و زیاتر لە 5 ھەزار ھاووڵاتی ئەو شارە شەھید بوو زیاتر لە 10 ھەزاریش برینداربوون.
دوای ئەو ھەموو ساڵە ھێشتا چیرۆكە تراژیدییەكانی ھەڵەبجە و شوێنەواری كیمیایباران بەسەر جەستەی خەڵك و سرووشتی شارەكەدا ماون، تائێستاش ھەموو منداڵە بێسەرو شوێن بووەكانی ھەڵەبجە نەدۆزراونەتەوە و زۆر لە دایكانی ھەڵەبجە چاوەڕێی رۆڵەكانیان دەكەن و بریندارەكانیش چاویان لە دەرمانە.
پاش 31 ساڵ كیمیایبارانی ھەڵەبجە تائێستا زۆر لە بەركەوتووان چارەسەر نەكراون و ئەمساڵ نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە بەركەوتووانی كیمیایباران لە ھەڵەبجە كرایەوە و دوایین منداڵی بێسەروشوێن بووی ھەڵەبجەش كە دۆزرابێتەوە خەلیل ساڵح-ە كە چەند رۆژێك لەمەوبەر گەیشتەوە ھەڵەبجە و بە كەسوكاری شادبووەوە.
ئێستا ھەڵەبجە چوارم پارێزگای ھەرێمی كوردستانە، پاش ئهوهی سهرۆك مهسعود بارزانی، سهرۆكی ئهوكاتی ههرێمی كوردستان داوای لە سهرۆكایهتی ئهنجوومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان كرد پهله بكرێت، له بڕیاری به پارێزگا كردنی ههڵهبجه، رۆژی 13/3/2014 سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان بڕیاری به پارێزگابوونی ههڵهبجهی واژۆكرد و له كۆنفرانسێكی رۆژنامهوانیدا گوتی: "له ناو نهخشهی ههرێمی كوردستاندا، ههڵهبجه بووه چوارهم پارێزگای ههرێمی كوردستان".
ئەمڕۆ لە یادی كیمیایبارانی ھەڵەبجە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند: "یادکردنەوەی ئەم کارەساتە جگە لەوەی رێزگرتنە لە قوربانیانی گەلەکەمان و مێژووی پڕ لە تێکۆشان و قوربانیدانمان، جەختکردنهوهی حکوومەتی هەرێمى كوردستانیشە لە بایەخدانی جددی بە ژیان و خزمەتکردنی برینداران و خانەوادە و کەسوکاری قوربانیانی چەکی کیمیایی و خزمەتکردنی زیاترى هەڵەبجەی ئازیز کە بێگومان کاری زۆر ماوە بۆیان بکرێت و حکوومەت بە پەرۆشەوە خزمەتی زیاتر و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتوانە سەربەرزەکەی بە ئەرکی گرنگ و سەرەکیی خۆی دەزانێت. چاوەڕوانیمان لە حکوومەتی عێراقیش بەجێگەیاندنی ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆیەتی دەرهەق بەم پارێزگایە و دانیشتوانەکانی لە هەموو جۆرە بایەخپێدانێک لهگهڵ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی خەڵك و ژینگەکەی، وەک قوربانیی دەستی دەوڵەتی عێراق".
لە بەدواداچوونێكدا بۆ یەکهمجار کوردستان24 لە تارانی پایتەختی ئێران، دەچێتە ئەو گۆڕستانەی کە زیاتر لە 70 شەھیدی كیمیایبارانی ھەڵەبجەی تێدا بەخاک سپێردراون کە بە برینداری ھاتبوونه تاران.
گۆڕستانەکە ساڵی 1960 دروستكراوە و لە ساڵى 1970 یەکەم کەسی تێدا نێژراوه، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ئێران ھەر گۆڕێک کەسوکاری نزیکی نەبوو سەردانی بکات ئەگەری ئەوەی ھەیە مردووی دیکە لە شوێنی بنێژرێت.
چیرۆكە تراژیدییەكانی ھەڵەبجە كۆتایی نایەن و ھەر ھاووڵاتییەكی ئەو شارە خاوەن چیرۆكێكی جیاوازە. پیاوێکی ھەڵەبجەیی لە دوای كیمیایبارانی شارهكهی و لە دەست دانی خێزانەکەی کە پێکھاتبوون لە چوار منداڵ و ھاوژینەکەی، بۆ جاری دووەم کە ھاوسەرگیریی دەکاتەوە، ھەمان ناوی منداڵەکانی پێشووی کە شەھیدبوون، له منداڵهكانی ئێستای دهنێتهوه.
ئەڤین عەتا، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەڵەبجە رایگەیاند، كاتژمێر 10ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چالاكییەكان بە بۆنەی 31 ساڵەی كیمیایبارانی ھەڵەبجە دەست پێدەكەن.
ھ،م