ورده‌كاری ئه‌و "به‌دیلانه"ی پێشكه‌ش به هه‌رێمی كوردستان كراون بۆ دواخستنی ریفراندۆم
K24 - هه‌ولێر:
هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی لێژنه‌ی باڵای ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، تا ئێستا چه‌ندین داوای دواخستنی ریفراندۆم ره‌تكراونه‌ته‌وه، چونكه به دیله‌كان له ئاست چاوه‌ڕوانی كورد نه‌بووه.
هۆشیار زێباری، له چاوپێكه‌وتنێكدا، له‌گه‌ڵ كه‌نالی ئه‌لعه‌ره‌بییه، له باره‌ی ورده‌كاری دوایین ئه‌و به‌دیلانه رایده‌گه‌یه‌نێت، ئێستا 10 رۆژ بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ماوه و شاندێكی نوێنه‌رانی وڵاتان به‌دیلێكی دیكه‌یان خستووه‌ته به‌ر ده‌ستی كورد.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، به‌دیله‌كه هیچ گه‌ره‌نتییه‌كی تێدانییه، ئه‌گه‌ر گه‌ره‌نتییه‌ك هه‌بێت ده‌بێت به نووسراو له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشه‌وه بێت و كۆده‌نگی له‌سه‌ر بێت، روونیشی ده‌كاته‌وه، ئه‌و كاته ده‌بێت له ژێر به‌ندی حه‌وته‌می ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ئه‌و گه‌ره‌نتییه ده‌سته‌به‌ر بكرێت بۆ كورد بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوو به ئه‌نجامی ریفراندۆمه‌كه پابه‌ند بێت و جێبه‌جێی بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا روون نییه.
هاوكات روونیشی ده‌كاته‌وه، هیچ گه‌ره‌نتی و ده‌سته‌به‌رێكی نووسراوی فه‌رمی پێشكه‌ش نه‌كراوه، تا وه‌ك به‌دیل سه‌یری بكرێت و ریفراندۆمی بۆ دوابخرێت.
دووپاتیشی ده‌كاته‌وه، ریفراندۆم له كاتی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت و دواناخرێت، ئه‌و پێشنیازانه‌ی لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش دیراسه ده‌كرێت و به هه‌ند وه‌رده‌گیرێت، له داهاتووشدا وه‌ڵامیان ده‌درێته‌وه.
زێباری ئه‌وه‌ش دووپاتده‌كاته‌وه، له كۆتاییدا گه‌ل بڕیاری خۆی ده‌دات، نه‌ك هیچ كه‌سێكی دیكه.