شەڕڤانان لە عەفرین ئۆتۆمبێلێكی توركیا دەتەقێننەوە

"ژمارەیەك سەربازی توركیا كوژران"

K24 - ھەولێر

شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ئاشكرای دەكەن كە لە چالاكییەكدا ئۆتۆمبێلێكی سوپای توركیایان لە عەفرین تەقاندووەتەوە.

ناوەندی راگەیاندنی یەپەگە و یەپەژە، ڤیدیۆیی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێكی سەربازی بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە: "شەڕڤانان چالاكییەكیان لە ناوچەی بلبلێی عەفرین، دژی سوپای توركیا ئەنجامداوە و ئۆتۆمبێلێكی سەربازییان تەقاندووەتەوە".

بە گوێرەی راگەیەندراوەكە: "لەو چالاكییەدا جگە لە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكە، شەڕڤانان ژمارەیەك سەربازی توركیا و چەكدارانی سوپای سووریای ئازادی سەر بە ئەنقەرەیان كوشتووە".

ئەوەش دوای ئەوەدێت، كە لە 18 ئازاری 2018، داگیركردنی عەفرین لەلایەن سوپای توركیا راگەیەندرا، بەرپرسانی یەپەگە ئەوەیان خستەروو، قۆناخێكی دیكەی شەڕ بە شێوازێكی نوێووە لە ناو عەفرین دەست پێدەكەن.