گۆڕان ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد نیگەران دەكات

یەكێتی پڕۆسەی سیاسی پەك ناخات
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە كۆبوونەوەی دوێنی سەركردایەتی ھاوبەشی یەكێتی و گۆڕان، لەسەر پێداگری گۆڕان لەبارەی كاراكردنەوەی پەرلەمان، گرژی كەوتووەتە نێو كۆبوونەوەكە و ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد كە یەكێكە دۆستە نزیكەكانی گۆڕان لە سەركردایەتی یەكێتی لە گۆڕان نیگەران دەبێت.

ئەنوەر حوسێن، ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند: "بەو ھەڵوێستانەی گۆڕان لەبارەی كاراكردنەوەی پەرلەمان، نزیكترین دۆستی خۆی لەناو یەكێتی كە ھێرۆخان بوو لە دەستی دەدات، بە ھەڵوێستەكانی كۆبوونەوەی دوێنێ گۆڕان ھێرۆخان و یەكێتیان نیگەران كرد".

گوتیشی: "یەكێتی پێیوایە بۆ دەست پێكردنەوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ھەر پێنج حزبە بەشداربووەكەی حكوومەت پڕۆسەیەكی سیاسی نوێ دەست پێ بكەن دەبێ یەكەم ھەنگاو لە پەرلەمان بێت، ئەوە زیاتر لە 20 جارە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی كاراكردنەوەی پەرلەمان لەگەڵ گۆڕان كۆببێتەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "دوای ئەو ھەموو كۆبوونەوەیە، گۆڕان بە ھیچ رازی نییە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئامادەنییە پڕۆسەی سیاسی پەك بخات".