مام شهریف دەبێتە سیمبوولی خۆپارێزی لە کۆرۆنا
K24 - سلێمانی
پيرە پیاوێکی پابەند بەڕێنماییە تەندروستییەکان کە لە سلێمانی سفرەی سەفەری دەفرۆشێت، قازانجی سفرەیەکی ھێندەی پارەی دەمامک و دەستکێشەکەیەتی. مام شەریفی تەمەن 85 ساڵ، بەهۆی پابەندبوونی بە رێنماییە تەندروستییەکان، وەکو سیمبوولێکی خۆپارێزی لە کۆرۆنا ناسرا.
وێنەی مام شەریف دوای بڵاوکردنەوەی لە پەیجی فەیسبووکی کوردستان 24، بووە باسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکوانان وێنەکەیان بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی وەکو هێمایەکی خۆپارێزی، کاسبکارانی دیکە چاو لەو بکەن.
وێنەکەی مام شەریف ھەڵگری دوو پەیامە: خەمی تەندروستی خۆی و خەمی مانەوە لەژیان.
"نموونەی ئەم پیرە پیاوە ماندوونەناسە بەشێکە لە جوانییەکانی سلێمانی"، بۆیە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بانگهێشتی کرد، دەستخۆشی لێکرد و پاڵپشتی بۆ دەربڕی، هەروەها داوای کرد مام شەریف بکرێتە سیمبوولی خۆپارێزی لە کۆرۆنا.
هـ.ر.