سه‌رۆك بارزانى: هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌نگى پێشمه‌رگه‌ قبوڵ ناكه‌ين

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق كرد

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە (یان كوبیش) نێردەی تایبەتی سكرتێری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا دوایین گوڕانكارییە سیاسییەكانی عێراق و بارودۆخی سیاسیی دوای هەڵبژاردن تاوتوێ كرا و بیروڕا لەبارەی پێشهاتەكان و گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەت و بڕیارەكانی پارلەمان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن تاوتوێ كرا.

نێردەی تایبەتی سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراقیش، سەرۆك بارزانیی لەبارەی بۆچوونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێز لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هاوكێشەكانی دوای هەڵبژاردن ئاگادار كردەوە و روانگەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیشی لەبارەی نیگەرانییەكان لەسەر ئاییندەی عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردن شیكردەوە.

ئەوەیشی خستەڕوو، كە رێكخراوی نەتەوەی یەكگرتووەكان ئامادەی تەواوی هەیە بۆ یارمەتیدانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەروەها چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی، كە لەنێوان هەرێم و بەغدادا هەن و هەروەها ناوچەكانی ماددەی 140.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە قۆناغی پێش ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری رابردوو جەختی لەوە كردەوە كە ئێستا هەڵبژاردن كراوە و دۆخێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە و ئەوەی بۆ گەلی كوردستان بایەخی سەرەكی هەیە رەچاوكردن و پابەندبوونە بە سێ پڕەنسیپی هاوبەشی و تەوافوق و هاوسەنگی لە هەموو بوارەكانی حوكمڕانی  و دانانی میكانیزم و جێبەجێكردنی وردەكارییەكانی ئەو سێ پڕەنسیپەیە و لە ژێر رۆشنایی ئەو سێ پڕەنسیپەش پێویستە هاوپەیمانێتی نێوان لایەنەكان بكرێت و رێككەوتن لەسەر پۆست و سیمای حكوومەتی ئاییندەی عێراق بكرێت.

لەبەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك بارزانی تێبینیەكانی خۆی لەسەر كاركردنی كۆمیسیۆن و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی و هەروەها بڕیارەكانی ئەم دواییەی پارلەمان خستەڕوو و هێمایشی بەوەدا كە پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ نوێنەرێكی لە كۆمیسیۆن نەبووە و بۆ ئەوەی پارتی نەبێتە حزبی یەكەم لە پارێزگای نەینەوا بە زوڵم دەنگی كەمپەكان و خوشك و برا ئێزیدییەكانیان سووتاند كە لە راستیشدا پارتی حزبی یەكەم و براوەی پارێزگای نەینەوایە.

لەبارەی پڕۆسەی هەڵبژاردن و ساختەكاریش رایگەیاند، كە ئێمە بە هەموو جۆرە ڕێكارێك رازیین، كە ئەنجام بدرێت بە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانیش یان بەدواداچوون بۆ سكاڵاكان لە هەر شوێنێك بێت، بەڵام بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەنگی پێشمەرگە بە بێ هۆ و لەپێناو مەرامی سیاسی زوڵمێكی زۆر گەورەیە و بە هیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین. چونكە ئەوە ئاماژە و هێمای زۆر خەراپە و بە مانای كاركردنە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان.

سەرۆك بارزانی پێشوازیشی لە رۆڵی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان كرد بۆ یارمەتیدانی لایەنەكانی عێراق و چارەسەركردنی كێشەكان بە تایبەت لە بابەتی ماددەی 140 و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئەوەیشی دووپاتكردەوە سەپاندنی ئەمری واقع و بەردەوامبوون لەو دۆخەی كە لەدوای 16ـی ئۆكتۆبەر قابیلی قبوڵ نییە و پێویستە لە چوارچێوەی مادەی 140ـی دەستوور یەكلایی ببێتەوە.

سه‌رچاوه‌: سايتى ره‌سمى سه‌رۆك بارزانى