هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: پشتیوانی لە گەلی کوردستان دەکەین

"دۆخی عەفرین نیگەرانی كردوین"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەرپرسی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، واشنتن لەسەر ئاستی باڵا لە لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ دەکات بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاشتی بۆ عەفرین، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، بەردەوام دەبن لە پشتیوانیكردنی گەلی كوردستان.

ژەنەراڵ برایەن ئایفلەر، بەرپرسی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان لەکاتی سەردانی بۆ سەر مەزاری نەمران لە بارزان لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی عەفرین  و کەرکووك رایگەیاند: "هەوڵدەدەین تا هەمووان دووبارە بە ئاشتی بژین، ئێمە نامانەوێت پێکدادان لەنێوان هێزەکانی عێراقی و پێشمەرگەدا رووبدات، بەڵکو دەمانەویت ئەوان بەیەکەوە کار بکەن لەدژی دوژمنانی وەك داعش".

گوتیشی: "لەبارەی عەفرینەوە، ئەوەی لەم شارە روودەدات نیگەرانی کردوین و پێمانوایە شەڕەکە دەبێت بوەستێت. لە سەر ئاستی باڵا لە حکومەتی ئەمریکا کار لەگەڵ تورکیا دەکرێت بۆئەوەی شەڕەکە بوەستێت و هیوادارین ئاشتی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە".

ھ.م