لە كۆیە پیاوێك خۆی و ھاوسەرەكەی كوشت

لەناوی حەوشەی ماڵەكەیان بە دەمانچە ژنەكەی كوشتووە و دواتر گولـلەیەك لە سەری خۆی دەدات

K24 - ھەولێر

لە قەزای كۆیە پیاوێك دوای ئەوەی ژنەكەی كوشتووە، گولـلەیەك لە سەری خۆی دەدات پاش گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە خۆشی گیانی لەدەستدا.

شۆڕش كاكە، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە بە كوردستان24 راگەیاند: "کاتژمیر 6ی بەیانی ئەمڕۆ ئاگادار کراینەوە بەرووداوێكی کوشتن لە گەڕەکی ئازادی لە کۆیە، كە پیاوێك خۆی و ژنەكەی كوشتووە".

روونیكردەوە: "ئەو پیاوە لەناو حەوشەی ماڵەكەیان بە دەمانچە ژنەكەی كوشتووە، دواتر گولـلەیەكی لەسەری خۆیداوە دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی كۆیە بەھۆی سەختی برینەكەی رەوانەی ھەولێر كرا و لەوێ گیانی لەدەستدا".

راشیگەیاند: "ئەو كەسەی خۆی و ژنەكەی كوشتووە و ناوی تاڵیب رزار حەمەدە و لە دایكبووی ساڵی 1972 و ھاوسەرەكەشی ناوی شوكریە فارس لە دایكبووی 1978".

ئەوەشی خستەڕوو: "دەگوترێت كە ئەو پیاوە لەم دوایەدا تووشی نەخۆشی دەروونی بووە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە گوتیشی: "لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستیپێكردووە و ھەر ئەمڕۆش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا زانیاری زیاتر لەبارەی رووداوەكە دەخەینەڕوو".