لەرێگای کوردستان24وه ناتۆ ئاشکرای دەکات رازی بووە بە پێشنیازەکەی کەنەدا
K24 – برۆكسل:
کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لەبرۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەبەشداری 29 وڵاتی ئەندام لە ناتۆ بەڕێوە دەچێت.
لەکۆبونەوەکەدا جەستن ترۆید سەرۆک وەزیرانی کەنەدا پێشنیاری تازەی کردووە بۆ ئەوەی کەنەدا سەرۆکایەتی نێردەی راوێژکارانی ناتۆ بۆ عێراق بکات بەمەبەستی مەشقپێکردنی سوپای عێراق.
لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، ینس ستولنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ وهڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان 24 ى دایەوە کەئایا ناتۆ بە پێشنیازی کەنەدا رازی دەبێت یاخود نا، لەوهڵامدا سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند: بەڵێ من رازیم بە پێشنیازەکە و چاوەڕوانی ئەوە دەکهین عەبادی بەشداری بکات لەکۆبوونەوەی ناتۆدا و ئێمەش بەردەوام دەبین لە راھێنانەکانمان تا ئەوکاتەی دڵنیابین داعش جارێکی تر ناگەڕێتەوە بۆ عێراق.
لەوهڵامی پرسیارێکی ديكهى پەیامنێری کوردستان24دا کە ئاخۆ نوێنەری کورد لەگەڵ شاندەکەی عەبادی بەشدار دەبن لە کۆبوونەوەکەی ناتۆدا، ینس ستولنبێرگ ئاماژەی بەوەکرد ئەو زانیاری نی یە لەسەر شاندەکە، بەڵام دڵنیایە کۆبوونەوەی شاندی عێراق و ناتۆ بەرێوەدەچێت.
لهو بارهيهوه، دلاوەر ئاژگەيی نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بە کوردستان 24ی رایگەیاند ، ئەمڕۆ فوئاد حسێن وەکو نوێنەری ههرێم لەگەڵ شاندەکەی عێراقدا بەشداری کۆبوونەوەی ناتۆ دەکەن.
بابهتهكانی باسی ٢٩ھەمین لوتكهی ناتۆ بریتین لە خەرجییەکانی ناتۆ، بوونی هێزە سەربازییەکانی ئەو رێکخراوە لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا و دیداری ترەمپ و پوتین دهبن.
نزیکەی ھەزار رۆژنامەوان لەسەرانسەری جیھان ئامادەن و رووماڵی کۆبونەوەکە دەکەن.
کۆبونەوەی لوتکەی ناتۆ دوو رۆژ دەخایەنێت و بڕیارە ئەمڕۆ ئێوارە تەواو بێت.
بارزان حهسهن، برۆكسل