گۆڕان دوا بڕيارى ده‌دات

"جڤاتى نيشتمانى" بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ كۆبوونه‌وه‌دايه‌

K24 – سلێمانى:

"جڤاتى نيشتمانى" بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ كۆبوونه‌وه‌دايه‌ بۆ تاوتوێكردنى پرسى به‌شداريكردنى بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم.

ئه‌مڕۆ "جڤاتى گشتيى" گۆڕان كۆبوويه‌وه‌ و چه‌ند راسپارده‌يه‌كى ئاراسته‌ى "جڤاتى نيشتمانى" بزووتنه‌وه‌كه‌ كرد، به‌و پێيه‌ى بڕيارى كۆتايى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ به‌شدارى له‌ حكومه‌ت له‌ لايه‌ن "جڤاتى نيشتمانى"يه‌وه‌ ده‌درێت.

كوێستان محه‌ممه‌د، ئه‌ندامى "جڤاتى گشتيى" بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان رايگه‌ياند، "بۆ به‌شداريكردن له‌ كابينه‌ى نوێى حكومه‌ت، ئه‌مشه‌و جڤاتى نيشتمانى گۆڕان بڕيارى يه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌دات".

له‌ ناو بزووتنه‌وه‌ى گۆڕاندا بڕيار به‌م جۆره‌ ده‌درێت:

سیستمی رێکخراوەیی و بڕیاردان لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان، بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەکە دەستەجەمعیی و کۆدەنگییە و چەندین ئۆرگانی هەیە بۆ گەڵاڵەکردن و بڕیاردان لەسەر پرسە ناوخۆیی و نیشتیمانییەکان.

جڤاتی گشتی:

جڤاتی گشتی چەتری پشتیوانی سیاسیی و مەعنەویی، دامەزراوەیی راوێژكاریی بوارەكانی كاری سیاسیی، رێكخراوەیی، كارگێڕیی، دارایی و میدیایی بزوتنەوەی گۆڕانە.

ئەركەكانی جڤاتی گشتی:

یەكەم: هەڵسەنگاندنی پلانی گشتی جێبەجێكردنی بەرنامەی سیاسی.

دووەم: هەڵسەنگاندنی پەیوەندیيەكان لە سەر ئاستی كوردستانی، عێراقی فیدراڵ، ناوچەیی، جیهانی، لەگەڵ  حزب و رێكخراوە سیاسییەكان.

سێیەم: ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكان.

جڤاتی نیشتیمانی:

* دامەزراوەی سەركردایەتی بوارەكانی كاری سیاسی، رێكخراوەیی، كارگێڕیی، دارایی و میدیایی بزوتنەوەی گۆڕانە.

* بەرزترین دەسەڵاتە لە نێوان دوو هەڵبژاردندا.

ئەركەكانی جڤاتی نیشتیمانی:

یەكەم: سەرپەرشتی كردنی هەموو دەزگا و دامەزراوەكانی گۆڕان.

دوەم: دانانی نەخشەڕێگا بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە و سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان.

سێیەم: رێكخستنی پەیوەندیيەكان لە سەر ئاستی كوردستانی، عێراقی، ناوچەیی، نێودەوڵەتی.

چوارەم: چاودێریی و هەڵسەنگاندنی ئەدائی فراكسیۆنەكانی گۆڕان و ئەدائی ئەندامەكانی.

پێنجەم: ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنەكان.

شەشەم: ئامادەكاریی بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان.