ئه‌نقه‌ره‌: پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ ئاگربه‌ست له‌ ئیدلب رابگه‌یه‌ندرێت

توركیا داوای پاشه‌كشێی سوپای سووریا ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، رایگه‌یاند، ئه‌نقه‌ره‌ بۆ لایه‌نی رووسی دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ سوپای سووریا پاشه‌كشێ بكات بۆ ئه‌و سنوورانه‌ی له‌ رێكه‌وتنی سوچی ده‌ستنیشان كراوون.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ راشیگه‌یاند، توركیا به‌ شاندی رووسیای راگه‌یاندووه‌، پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ ئاگربه‌ست له‌ سنووری ئیدلب رابگه‌یه‌ندرێت.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا دوای ئه‌وه‌ دێت، شه‌وی رابردوو له‌ ئیدلب 33 سه‌ربازی توركیا كوژران و 32ی دیكه‌ بریندار بوون.

له‌ به‌رامبه‌ردا، گوته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی رووسیا، دمیتری بیسكۆڤ رایگه‌یاند، سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی رووسیا بۆ تاوتوێكردنی ره‌وشی ئیدلب كۆبووه‌ته‌وه‌ و نیگه‌رانی ئاڵۆزبوونی ره‌وشه‌كه‌ن.