مه‌سجدی: هێشتا زووه‌ قسه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق بكرێت

شاندێكی پارتی و باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا كۆبوونه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 24/5/2018 ئیره‌ج مه‌سجدی باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا، پاش كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان گووتی: "هیوادارین حكومه‌تێكی به‌ھێز له‌ عێراق پێكبهێنرێت به‌ڵام هێشتا زووه‌ باسی پێكهێنانی حكومه‌تی بكه‌ین".

مه‌سجدی له‌و كاته‌ی له‌گه‌ڵ فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌رۆكی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان قسه‌ی بۆ میدیاكان كرد گووتی: "په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی باش و مێژووییمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌".

سه‌رۆكی شاندی پارتی له‌ به‌غداش گووتی: "كۆماری ئیسلامی ئێران دۆستی هه‌رێمی كوردستانه‌ و هاوكاری یه‌كتری بووین و ئێران رۆڵێكی گرنگی له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه و له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئێرانیش له‌ به‌غدا بۆچوونی هاوبه‌شمان زۆره‌‌".

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری به‌غدای پایته‌ختی عێراقه‌ و له‌گه‌ڵ قه‌واره‌ براوه‌كان و هێزه‌ كاریگه‌ره‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان دیدار و كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.