پەكەكە: قەندیل چۆڵ ناكەین

هێرشکردنە سەر قەندیل و شنگال ئاسان نابێت

K24 - ھەولێر

موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) رایدەگەیەنێت، پەكەكە قەندیل چۆڵناكات و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر قەندیل و شنگال ئاسان نابێت.

قەرەیلان، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فوراتی نزیك لە پەکەکە رایگەیاند: "تورکیا بەردەوام هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر قەندیل دەکات، بەڵام دەبێت تورکیا بزانێت کە هێرشکردنە سەر قەندیل و شنگال ئاسان نابێت. هەڕەشەکانی حکوومەتی تورکیا پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنە".

موراد قەرەیلان، گوتیشی: "ئەردۆ‌غان بە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر قەندیل درۆی گەورە دەکات و ئەگەر دەتوانێت هێرش بکات با بفەرموێت، ئەگەر ئەردۆغان شەڕەفی هەبێت هێرش دەکاتە سەر قەندیل".

لەبارەی هەواڵی چۆڵکردنی قەندیلیش، موراد قەرەیلان رایگەیاند: "قەندیل چۆڵنەکراوە و چۆڵیشی ناکەین. هێرشکردنە سەر قەندیل بۆ تورکیا ئاسان نابێت".

ئەو گوتانەی قەرەیلان، لەكاتێكدایە كە سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنی زەمینی و ئاسمانی لە ناوچە سنوورییەكانی باكوور- باشووری كوردستان، بۆ سەر پەكەكە دەستپێكردووە و بەشێك لەو ناوچانەی كە پێشتر بنكە و بارەگاكانی پەكەكەی لێبوو، ئێستا كەوتووە دەست سوپای توركیا.

ھ.م