پارتی و یه‌كێتی له پێكهێنانی حكوومه‌ت نزیك ده‌بنه‌وه
K24- هه‌ولێر:
بەرپرسێکی یەکێتی رایدەگەیه‌نێت: پێکهێنانی حکومەت پەیوەستکراوە بە رێککەوتنە سیاسیە تازەکەی نێوان حزبەکەی و پارتی. گۆرانیش جه‌خت ده‌كاته‌وه، پێویسته به زوترین کات حکومەت پێکبهێنرێت و ده‌بێت ئەو حزبانە بەشداری حکوومەتیش دەکەن، به‌یه‌كه‌وه رێککەوتنێک واژۆ بکەن.
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هاتووه، كۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەمپەرەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی لابرد، چارەسەری کێشەکانی نێوانیان دراوەتە دوو لیژنە کار و، دوای گەیشتنە رێککەوتن هەردوو لا رێککەوتنەکە واژوو دەکەن.
له‌مباره‌شه‌وه ئازاد جۆڵا، ئه‌ندامی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه، "پێکهێنانی حکوومەت پەیوەستکراوە بەو رێکەوتنە سیاسیە تازەیە, کە جێگەی رێککەوتنی ستراتیژییه‌كه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی ده‌گرێتەوە".
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش كه هێزی سێیه‌مه له پێكهێنانی حكوومه‌ت، رای جیاواز له یه‌كێتی هه‌یه و سابیر هەمزە، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆچوونی حزبه‌كه‌ی ده‌خاته‌ڕوو و ده‌ڵێت: "دەبێت بە زووترین کات حکوومەت پێکبهێنرێت" و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، "گرنگە ئەو حزبانەی دێنە نێو حکوومەت به‌یه‌كه‌وه رێکەوتنێک واژوو بکەن تا هیچ لایەنێک حكوومه‌ت له نیوه‌ڕێدا جێ نەهێڵێت".
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24، تا سەرەتای مانگی دوو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت و پێش جەژنی نەورۆزیش کابینەی نۆیەم پێکدەهێنرێت، پێکهێنانی دوو لیژنەش لە نێو حزبەکان بۆ خێرا گەیشتنە رێککەوتنی نێوان لایەنەکانە لەسەر چۆنیەتی بەشداریكردنیان لە حكومەتی داھاتووی ھەرێمی كوردستان.
H.B