سەگێک تورکیا دەهەژێنێت

ده‌بێته‌ پرس و باسی كاندیده‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار

K24 - هه‌ولێر:

سەگێکی بچووکی ماڵیی لە لایەن کەسێکەوە لە پارێزگای ساکاریای تورکیا هەردوو دەست و قاچی دەبڕدرێتەوە و پاشان فڕێدەرێت تاکو بمرێت، رووداوەکەش کاردانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

دوای ئەوەی خەڵکی تورکیا ناڕەزایی زۆریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بارەی ئەو سەگەوە دەربڕی، کاندیدانی سەرۆکایەتی تورکیا لەو بارەیەوە بەڵێنی جیاوازیان بەخەڵکیدا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان،سەرۆکی تورکیا، لە ناو ئاپۆڕای جەماوەرەکەی لە شاری ئیستانبوڵ گووتی: "ئەو کەسەی ئەو کارەی کردووە، دەستگیرکراوە. لە دوای هەڵبژاردنی 24ی حوزەیران یاسای باشتر بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان دادەنێین".

لە لایەکی دیکەوە، موحەرەم ئینجە، کاندیدی سەرۆکایەتی پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا (جەهەپە)، لەناو ئاپۆڕای جەماوەرەکەی قسەیەکی ئەردۆغانی بە هۆکاری ئەو رووداوە دانا و گوتی: "ئەردۆغان بەم نەوەیە مەڵێ، "نەوەی تۆڵەکەرەوە"، ئەگەر وابڵێت ئەوان دەست و قاچی سەگێکی بچووک دەبڕن. ئەوە مەڵێ..مەیڵێ".

بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، دوای ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەرییەک، سەگەکە بارودۆخی خراپتر بووە و دواجار گیانی لەدەستداوە.