توڕەیی توركیا لە شەڕڤانانی یەپەگە و سەربازانی ئەمەریكا دانامركێتەوە

وەزیری بەرگری توركیا گلەیی دەكات

K24 - ھەولێر

وەزیری بەرگری توركیا گلەیی وڵاتەكەی لەبارەی ئەو وێنانەی سەربازانی ئەمەریكا لەگەڵ شەڕڤانانی یەپەگە كە لە رۆژئاوای كوردستان گیراون، رووبەڕووی ژمارەیەك سیناتۆری ئەمەریكا دەكاتەوە.

بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵ، خولوسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری توركیا له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ سیناتۆره‌كانی ئه‌مەریكا نیگه‌رانی خۆی له‌ وێنه‌ی سه‌ربازانی ئه‌مەریكی و له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی یه‌په‌گه ده‌ربڕی و رایگه‌یاند:"وه‌ك چۆن ئه‌مەریكا به‌ڵێنیداوه‌، چاوه‌ڕوانین هه‌ماهه‌نگییه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌ كۆتایی پێ بهێنێت".

وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاندووە: "له‌ میدیاكانماندا به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان باس له‌و وێنانه‌ كراوه‌ و ناڕازیبوونی گه‌له‌كه‌مانی لێكه‌وتووەته‌وه‌. زیانی به‌ هێمای ئه‌مەریكا و سوپای ئه‌مەریكا گه‌یاندووه‌ له‌ به‌رچاوی گه‌له‌كه‌مان. وه‌ك چۆن ئه‌مەریكا به‌ڵێنیداوه‌، چاوه‌ڕوانین هه‌ماهه‌نگییه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌ كۆتایی پێ بهێنێت. وێڕای له‌ جموجۆڵخستنی داعش به‌ راده‌یه‌كی زۆر، پێدانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی به‌ بارهه‌ڵگر و فڕۆكه‌ به‌ یه‌په‌گه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مەریكاوه‌ قبوڵكراو نییه. هه‌رگیز رێگه‌ناده‌ین له‌ باشووری سنووره‌كانمان رێڕه‌وێكی تیرۆر دروست بكرێت".‌

خولوسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری توركیا كه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ كۆڕبه‌ندی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی هالیفاكس سه‌ردانی شاری هالیفاكس-ی كه‌نه‌دای كردووه‌، لەو چوارچێوەیەدا گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ سیناتۆرانی ئه‌مەریكا كردووە.

ھ.م