لایەنە ناڕازییەكان دوایین ھەڵوێستی خۆیان رادەگەیەنن
K24 - سلێمانی
بڕیارە ئەمڕۆ لایەنە ناڕازییەكانی ھەرێمی كوردستان لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە شاری سلێمانی كۆببنەوە و دوایین ھەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئەنجامی ژماردنەوەی دەنگەكان ئاشكرا بكەن.
پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "بڕیاره ئەمرۆ شەممە لایه‌نه ناڕازییه‌كان کۆبوونەوەی لووتکە لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە ئەنجامبدەن و هه‌ڵوێستی کۆتایی خۆیان له باره‌ی ئاشكرا كردنی ئه‌نجامی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان رابگەیەنن".
بەرپرسێکی باڵای لایەنە ناڕازییەكان كە نەیویست ناوی بنوسرێت بە پەیامنێری كوردستان24 گوت: "سێ تەوەر لە کۆبوونەوەکدا باس دەکرێن لەوانە، راگەیاندنی ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان، ئامادەکاریی لایەنە ناڕازییەکان بۆ هەڵبژاردنی کوردستان و تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق".
ئەمە لەكاتێكدایە دوو رۆژ لەمەوبەر 9/8/2018، كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، ئه‌نجامی پرۆسه‌ی دووباره هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بڵاوكرده‌وه. به‌گوێره‌ی ئه‌و خشته‌یه‌ی له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، كورسییه‌كان هیچ گۆڕانكارییه‌كیان تێدا نه‌كراوه و كورسی لایه‌نه‌كان له پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو خۆیه‌تی.
ھ.م