ئه‌ڵمانیا: نابێت ئه‌سه‌د هیچ رۆڵێكی له ئاینده‌ی سووریادا هه‌بێت
K24- هه‌ولێر:
هایكۆ ماس، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا دووپاتیكرده‌وه، ناكرێت به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی رژێمی سووریا ببێته به‌شێك له چاره‌سه‌ری ئه‌و قه‌یران و ئاڵۆزییه‌ی كه ماوه‌ی 7 ساڵه باڵی به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا كێشاوه.
ئه‌م قسانه‌ی ماس كه له ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز بڵاوكرانه‌وه، له وه‌ڵامی پرسیارێكدا هاتوون كه له‌باره‌ی مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵاتی سووریادا ئاراسته‌ی كرا و گوتی: "ململانێی سووریا پێویستی به چاره‌سه‌رێكه كه له ڕێگه‌ی دانوستان و به به‌شداری سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ناوچه‌كه دێته ئاراوه" و به‌دووریشی زانی، ئه‌سه‌د هیچ رۆڵێكی له‌و پرۆسه‌یه‌دا هه‌بێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌كاتی گه‌یشتنی بۆ برۆكسل، به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له یه‌كێتی ئه‌وروپا، به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، "پێشنیازی چاره‌سه‌رێك له‌ئارادایه، كه ته‌واوی ئه‌و لایه‌نانه تێیدا به‌شدار ده‌بن، كه هه‌ژموونیان له ناوچه‌كه هه‌یه".
هایكۆ جه‌ختی كرده‌وه، "ناكرێت هیچ كه‌سێك له‌و باوه‌ڕه‌دا بێت، كه‌سێكی وه‌ك به‌شار ئه‌سه‌د كه چه‌كی كیمیایی له‌دژی خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌كارده‌هێنێت، ببێته به‌شێك له چاره‌سه‌ری قه‌یرانی وڵاته‌كه‌ی".
H.B