د. سەباح ھەورامی: دۆخەكە وابڕوات ھیچ بنەماڵەیەكی سلێمانی نامێنێت قوربانی نەدات

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سوپاسی سەرۆكی حكومەت دەكات

K24 - سلێمانی

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، دۆخی تەندروستی سلێمانی بەرەو ناجێگیری دەڕوات و ئەگەر دۆخەكە وابڕوات ھەموو بنەماڵەیەكی سلێمانی قوربانی كۆرۆنایان دەبێت و لایەنی كەم لە ھەموو خێزانێك كەسێك تووشی كۆرۆنا دەكات.

د. سەباح ھەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەگەر دۆخی ھەر شوێنێكی دیكە وەك سلێمانی بوایە 15 رۆژ كەرەنتین دەكرا، بەڵام بارودۆخی سلێمانی لە رووی سیاسی و بازرگانی و كۆمەڵایەتی ناجێگیرە، لەبەر ئەوە ژووری ئۆپەراسیۆن نەیتوانیوە ئەو بڕیارە بدات".

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی گوتی: "سوپاسی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیران دەكەین بۆ ئەو ھاوكاریەی پێشكەشیان كردوین، جێگەیەكی باش دەگرێت".

گوتیشی: "دۆخی تەندروستی سلێمانی بەرەو ناجێگیری دەڕوات، رۆژانە ئەو ژمارەی بڵاودەكرێتەوە دوو ھێندە خەڵك تووش دەبێت، بەڵام ئێمە فریای پشكنین ناكەوین، بەشێكی ھاووڵاتییانیش لە ماڵەوەن و پشكنین ناكەن".

د. سەباح ھەورامی، راشیگەیاند: "ئەو رێكارانەی تەندروستی سلێمانی داوای دەكات لە شوێنەكانی دیكە جێبەجێ دەكرێت، بەڵام لە شاری سلێمانی جێبەجێ ناكرێت، بۆیە خەڵكی شارەكانی دیكە پارێزراوترن".

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بڕوات ھیچ بنەماڵەیەك نابێت لە سلێمانی قوربانی كۆرۆنای نەدات، لانی كەم ھەر خێزانێك ئەندامێكی خێزانەكەیان تووشی كۆرۆنا دەبێت".