پێگه‌ی هەرێمی كوردستان بۆ كه‌نه‌دا جێگه‌ی بایەخێكی تایبه‌ته‌

سه‌رۆك بارزانی و باڵیۆزی نوێی كه‌نه‌دا له‌ عیراق په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو لا تاوتوێ ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆك مه‌سعوود بارزانی، سوپاسی گەل و حكوومەتی كەنەدا ده‌كات كە لەشەڕی دژی داعشدا هاوكاری و یارمەتییان پێشكەشی پێشمەرگە كردووە. خۆشحاڵیی خۆیشی بە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی كەنەدا ڕاگەیاند و پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە باڵیۆزی تازەی ئه‌و وڵاته‌ له‌ عێراق كرد".

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 17/10/2018، سەرۆك بارزانی له‌گه‌ڵ پاوڵ گیبارد باڵیۆزی تازەی كەنەدا لە عێراق و خاتوو نانسی بێڕگێڕن كونسوڵی كەنەدا لە هەولێر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كه‌نه‌دایان تاوتوێ كردووه‌.

باڵیۆزی كەنەدا كە یەكەم باڵیۆزی ئەو وڵاتەیه‌ لە عێراق، لەدوای ساڵی 2003 وه‌، پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و سەركەوتنی لیستی پارتی لە سەرۆك بارزانی كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی بایەخ و پێگەیەكی تایبەتی هەیە.

سه‌رۆك بارزانی و باڵیۆزی نوێی كه‌نه‌دا له‌ عیراق په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو لا تاوتوێ ده‌كه‌ن
سه‌رۆك بارزانی و باڵیۆزی نوێی كه‌نه‌دا له‌ عیراق په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو لا تاوتوێ ده‌كه‌ن

هەروەها ئاماژەی بە سیستەمیی سیاسی و ئەزموونی فیدڕاڵیزمی كەنەدا دا و داوای كرد هاوكاری و پەیوەندیی نێوان كەنەدا و هەرێمی كوردستان لەبواری سیستەمی ئیداری و سیاسی و كاركردن بۆ یەكسانیی جێندەری و بەشداریی كارای ئافرەت پەرەی پێبدرێت.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی گوتوویه‌تی: "لە هەرێمی كوردستان هیچ سەقفێك بۆ بەشداریی ئافرەت لە ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگە دانەنراوە و بە پێویستی زانی ڕۆڵی ئافرەت لە هەموو بوارێكدا كاراتر بێت".

هه‌روه‌ها باڵیۆزی كەنەدا خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش توانیوویانه‌ لەگەڵ پێشمەرگەدا بەشداربن و ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی لە چوارچێوەی هاوپه‌یمانی ناتۆ بەردەوام دەبێت لە مەشق و ڕاهێنانی هێزەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان".

دامەزراندنی حكوومەتی تازەی هەرێمی كوردستان، پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوەرێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوو.