یەكێتی ھەوڵی دواخستنی كۆبوونەوەی پەرلەمان دەدات
K24 - سلێمانی
ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی ئاشكرای دەكات، ئەمڕۆ گفتوگۆكان لەبارەی پێكھێنانی حكوومەت بەردەوام دەبن و حزبەكەی ھەوڵ دەدات كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان دوابخرێت.
بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەمڕۆ گفتوگۆكان بەردەوام دەبن و ھەوڵ دەدەین كۆبوونەوەكەی پەرلەمان دوابخرێت، بۆ ئەوەی ئەو رەشنووسەی لەلایەن یەكێتییەوە پێشكەش بە پارتی كراوە رێككەوتنی لەسەر بكرێت، دواتر كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت".
گوتیشی: "كێشەی سەرەكیمان لەگەڵ پارتی لەسەر كەركووكە، ئێمە پێمان باشە ھەموو كێشەكان بە یەك پاكێج رێككەوتنیان لەسەر بكرێت، بهڵام بۆچوونی پارتی لەسەر ئەو بابەتە جیاوازە".
ئەمە لەكاتێكدایە كه دوێنێ، پارتی و یەكێتی جارێكی دیكە بۆ پێكھێنانی حكوومەت كۆبوونەوە، بڕیاریشە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كۆببێتەوە و دوا ھەڵوێستی خۆی لەم بارەویهوە بداتە پارتی.