كۆسرەت رەسوڵ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی راگرت

بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆببێتەوە

K24 - سلێمانی

كۆسرەت رەسوڵ، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكەی راگرت و كاتی ئەنجامدانی كۆبوونەوەكەش دیار نەكراوە.

میدیای فەرمی یەكێتی ئاشكرای كرد: "لەسەر داوای كۆسرەت رەسوڵ عەلی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دواخرا و سەرپەرشتیاری كۆبوونەوەكەش دەڵێت، هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ سەفەرێكی چەند رۆژی دەكات و تا ئەوكاتەی دەگەڕێتەوە كۆبوونەوەكان دوادەخرێن".

مستەفا چاوڕەش، سەرپەرشتیاری كۆبوونەوەكان و ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە میدیای حزبەكەی گوتووە: "كەمێك پێش ئێستا لەسەر داوای كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆتایی هات. دوای گەڕانەوەی كۆسرەت رەسوڵ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنەكە بۆ راییكردنی ئەركە حزبییەكان و هەماهەنگی ئۆرگانەكان بەردەوام دەبێت".

ئەمەش دوای ئەوەدێت لە چەند رۆژی رابردوو كۆسرەت رەسوڵ، لە نووسراوێكدا داوای وەستاندنی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كردبوو كە كۆبوونەوەكان ھەڵپەسێرێت و تێیدا دەڵێ: "تەواوی ئەو بڕیارانەی داوتانن بۆ ئۆرگانەكان، مەترسی لەسەر ھاوسەنگیی ریزەكانمان ھەیە، پێش یەكاڵاكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵا، لەلایەن لیژنەی ھاوبەشی ھەردوو ئەنجومەنەوە، شەرعیەتی ئۆرگانێكی وەرناگرن".