تره‌مپ "بژارده‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه" ده‌خاته به‌رده‌م هه‌ستیارترین وه‌زیری وڵاته‌كه‌ی
K24 - هه‌ولێر:
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، هێشتا دڵنیا نییه له‌وه‌ی جه‌یمس ماتیس، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی ده‌بێت یان نا.
پرسی بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له كاتێكدایه، كه هێشتا نازانرێت كێشه‌كانی تره‌مپ و ماتیس له‌سه‌ر چییه و ناكۆكی نێوانییان په‌یوه‌ندی به چییه‌وه هه‌یه.
وێبسایتی رووسیه‌لیه‌وم بڵاویكردووه‌ته‌وه، تره‌مپ له میانی به‌رنامه‌ی "60 خووله‌ك" كه له تۆڕی ته‌له‌ڤزیۆنی "سی بی ئێس" په‌خش ده‌كرێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌ی كردووه، جه‌یمس ماتیس "ئه‌و كاره ده‌كات"، كه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ده‌ست له كار ده‌كێشێته‌وه.
به گوێره‌ی چه‌ند گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی به‌رنامه‌كه، تره‌مپ ده‌ڵێت: "ره‌نگه ماتیس ده‌ست له كار بكێشێته‌وه"، ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ راستییه‌كه بزانن، وابزانم به جۆرێك له جۆره‌كان دیموكراتییه، به‌ڵام جه‌نه‌رال ماتیس كه‌سێكی باشه، ئێمه له‌نزیكه‌وه به‌یه‌كه‌وه و به شێوه‌یه‌كی باش كارده‌كه‌ین.. به‌ڵام ده‌ست له‌كار ده‌كێشێته‌وه".
ماوه‌یه‌كه ده‌نگۆی ده‌ست له كاركێشانه‌وه‌ی جه‌یمس ماتیس، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، كه هه‌ستیارترین وه‌زاره‌تی ئه‌و وڵاته‌یه، بڵاوبووه‌ته‌وه، به‌مه‌ش ئیداره‌ی ئه‌مجاره‌ی ئه‌مه‌ریكا، زۆرترین ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی تێدا بووه له چاو ئیداره‌كانی پێش خۆی.
پێشتریش تره‌مپ گرفتی له‌گه‌ڵ رێكس تیله‌رسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌بوو و له كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه، تیله‌رسن هه‌واڵه‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه، به‌ڵام دوای كه‌متر له مانگێك ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی پێشكه‌ش كرد و وازی له پۆسته‌كه‌ی هێنا.
ئ. م