عەبادی بانگێشتی پەرلەمان دەكرێت

پەرلەمانتاران واژوو كۆدەكەنەوە

K24 - ھەولێر

بەشێك لە لایەنە شیعەكان سەرقاڵی پڕۆژەیەكن بۆ وەدەرنانی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق. ھاوكات ژمارەیەك پەرلەمانتار واژوو كۆ دەكەنەوە بۆ ئەوەی حەیدەر عەبادی، لەسەر بوونی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بانگێشتی پەرلەمان بكرێت.

ئەحمەد ئەسەدی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد "تائێستا بەڕوونی ژمارەی ھێزەكانی ئەمەریكا و بنكەكانیان لە عێراق بە تەواوی نازانرێت".

گوتیشی "لەبارەی ھۆكاری بوونی ئەو ھێزانەشەوە كە حكوومەتی پێشووی عێراق لێی بەرپرسە، واژووی پەرلەمانتاران بۆ بانگھێشتكردنی حەیدەر عەبادی سەرۆكی پێشووی حكوومەت كۆدەكەینەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر ژمارەیەك پەرلەمانتاری شیعە بە كوردستان24یان راگەیاندبوو، كە سەرقاڵی پڕۆژەیەكن بۆ وەدەرنانی ھێزە بیانییەكان لە عێراق لەناویشیاندا ھێزەكانی ئەمەریكا.