ھەڤاڵ ئەبوبەكر داوایەك لە وەزارەتی ناوخۆ دەكات

یەكەم كاری وەك پارێزگاری سلێمانی ئاشكرا دەكات
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

دوای ئەوەی دوێنی ھەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری نوێی سلێمانی سەردانی وەزارەتی ناوخۆی كرد. سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ھەڤاڵ ئەبوبەكر داوای پشتگیری و ھەماھەنگی كردووە بۆ بەڕێوەبەری كارەكانیان، ئێمەش وەك وەزارەتی ناوخۆ بەڵێنمان پێداوە پشتگیری تەواوی پارێزگاری نوێی سلێمانی دەكەین بۆ ئەوەی خزمەتی شارەكە بكات".

پاش دەرچوونی فەرمانی دەستبەکاربوونی وەك پارێزگاری نوێی پارێزگای سلێمانی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەمە 4/12/2017 ھەڤاڵ ئەبوبەکر، یەکەم رۆژی کارکردنی لە دیوانی پارێزگای سلێمانی دەست پێدەکات، ئەو بە كوردستان24 گوت، یەکەم کاریشی دابینکردنی کارەبا و سوتەمەنی دەبێت بۆ ھاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی.