بارزانی: هه‌ڵوێستی رووسیا جێگه‌ی شانازییه‌ و داوا له‌ توركیا ده‌كه‌ین خۆیان لە زمانی ھەڕەشە بپارێزن

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان: توندی و نه‌رمی هه‌ڵوێستی به‌غدا په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌ڵوێستی ئه‌مریكاوه‌

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانی دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی فارسی ده‌نگی ئه‌مریكا، ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێسته‌كانی واشنتن رایگه‌یاند :"جێگەی سەرسوڕمانە و  تاوانێكمان ئەنجام نەداوە كە بەم شێوەیە ھەڵوێستیان گرتووەتەبەر".

سه‌رۆك بارزانی ده‌رباره‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم گوتوویه‌تی: " ھیچ كام لە پێشنیازەكان جێگەی ریفراندۆم ناگرنەوە، ريفراندۆم كۆتایی دونیا نییە، پاش ریفراندۆم بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا، دەست بە دانوستان دەكەین، ئەگەر ئەوان ئێستا ریفراندۆم رەتبكه‌نه‌وه‌، بە مانای ئەوەیە كە ھیچ شتێك قه‌بووڵ ناكەن، ئەوان بە ھیچ شێوەیەك نە لە ئێستادا و نە لە ئایندەدا ریفراندۆم قه‌بو‌وڵ ناكەن. ئێمە نە لە ئێستادا و نە لە ئایندەدا بوون بە بەشێك لە عێراق قه‌بووڵ ناكەین.

له‌و دیداره‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌ رۆڵی رووسیا كردووه‌و ده‌ڵێت: "ھەڵوێستی رووسیا زۆر جێگەی شانازییە، ناڵێم پشتگیرییان كردووە، بەڵام دژایەتیشیان نەكردووە، ئەمە زۆر جیاوازە".

له‌و دیداره‌شدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی قۆناغی پاش ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی كردووه‌و گوتوویه‌تی: "پاش ریفراندوم لە بارەی دیاریكردنی سنوور و دابەشكردنی ئاو و نەوت و گاز و پرسەكانی دیكە لەگەڵ بەغدا دانوستان دەكەین. دەمانەوێت دوو دراوسێی باش بین و كێشەكانمان چارەسەر بكەین، دەتوانین بۆ ماوه‌ی دوو ساڵیش دانوستان بكەین".

سه‌رۆك بارزانی ده‌رباره‌ی نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر كاریگه‌ری ریفراندۆم بۆ شه‌ڕی داعش به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای گوتووه‌: "نیگەرانی ئەمریكا لەسه‌ر كاریگەربوونی ریفراندۆم به‌سه‌ر شەڕی داعشه‌وه‌، دروست نییە و بەپێچەوانەیە، ئەوە تەنیا بیانوویەكە".

سه‌رۆك بارزانی جاریكی دیكه‌ ئاماژه‌ی به‌ رۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی داعش كردووه‌ته‌وه‌ و گوتوویه‌تی: "پیشمەرگە ئەفسانەی داعشی شكاند و پاش ریفراندۆمیش ھاوكاریی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بەردەوام دەبێت".

بارزانی وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی تایبه‌ت به‌ وڵاتانی دراوسێی كوردستانی داوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت: "كاتی نیگەرانی و دژایەتی وڵاتانی دراوسێ تێپەڕیوە، كاتی ئەوە ھاتووە لە پەیماننەكانی سایكس - پیكۆ، سەنتۆ، سەعدئاباد و لۆزان دەربچین. كاتی ئەوە ھاتووە بۆ خۆمان چارەنووسی خۆمان دیاری بكەین و لەم پێناوەشدا ئامادەین قوربانی بدەین".

لە بارەی ھەڵوێستی توركیا كه‌ بەشی زۆری بازرگانی ھەرێم لەگەڵ ئەو وڵاتەدایه‌، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دەڵێت: "دەمانەوێت و ھەوڵیش دەدەین ریفراندۆم كاریگەریی بەسەر پەیوەندییەكانمان نەبێت، بە ئاشكرا دەمانەوێت ئەم پەیامە بە بەرپرسانی توركیا بدەین كە خۆیان لە زمانی ھەڕەشە بپارێزن، چونكە قه‌بووڵی ناكەین".

ده‌رباره‌ی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند: "كورد لە وڵاتانی دراوسێ تایبەتمەندی خۆیان ھەیە، ھانیان دەدەین بە شێوازی ئاشتیانە لەگەڵ دەوڵەتەكانیان رێكبكەون، بەڵام رەوشی ئێمە جیاوازە و پەیوەندی بە كوردستانی عێراق ھەیە".

جارێكی دیكه‌ سه‌رۆك بارزانی باسی سنووری كوردستانی كردووه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت: "ريفراندۆم سنوورەكان دیاری ناكات، سنووره‌كانی كوردستان بە دیالۆگ دیاری دەكرێن.

بارزانی ئه‌و دەنگۆیانه‌شی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ باس له‌ بوونی پلانی لكاندنی رۆژئاوای كوردستان بە ھەرێمی كوردستان ده‌كه‌ن تا كوردستان پێویستی بە سنوورەكانی ئێران و توركیا نه‌مێنێت یان كه‌مببێته‌وه‌".

بارزانی ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی رایگه‌یاندووه‌: "حەزم دەكرد لە ریفراندومدا بەشدارییان بكردایه‌، بەڵام راستیەكە ئه‌وه‌یه‌، خەڵكی كوردستان كێشە حزبییەكانیان تێپەڕاندووە و ریفراندوم بووتە پرسێكی نیشتمانی، ھەر حزبێك لەگەڵ نەبێت لە كاروانەكە جێدەمێنێ.

لە كوتایی گفتوگۆكه‌دا و ده‌رباره‌ی هه‌ڵویسته‌كانی به‌غدا له‌سه‌ر ریفراندۆم سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێت: " ھەڵویستی بەغدا لە باری ریفراندوم بەستراوه‌ته‌وه‌ بە ھەڵوێستی ئەمریكاوە، ئەگەر ئەمریكا توند یان نەرم بێت، بەغداش بەم شێوەیە كار دەكات".