راوێژكارێكی ئه‌ردۆغان: هیچ وڵاتێك نییه‌ به‌ناوی چیك‌ و پیاوه‌ راسته‌قینه‌كانیشی جێیان هێشتووه‌

ئازادكردنی ساڵح موسلیم ئازاریداون

K24 - هه‌ولێر:

ئازادكردنی ساڵح موسلیم، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ته‌ڤده‌م، لایه‌ن دادگای پراگی پایته‌خت چیك، توركیای نیگه‌ران كردووه‌.

وێڕای ده‌ربڕینی ناڕه‌زاییه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر ئازادكردنی ساڵح موسلیم به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی، گه‌وره‌ راوێژكارێكی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیاش، هێرشێكی توند ده‌كاته‌ سه‌ر چیك.

یه‌گیت بوڵوت، له‌ گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا، له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ته‌ره‌ته‌ خه‌به‌ر، ده‌ڵێت: "هیچ وڵاتێك نییه‌ به‌ناوی چیك، ته‌نانه‌ت پیاوه‌ راسته‌قینه‌كانیش ئه‌و وڵاته‌یان جێهێشت و سلۆڤاكیایان دامه‌زراند".

ئه‌و راوێژكاره‌ی ئه‌ردۆغان، راشیگه‌یاندووه‌، كۆماری چیك له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه‌ خاوه‌نداری ده‌كرێت، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و گرژی و ناكۆكیانه‌ی له‌ نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و به‌رلین هه‌یه‌.

توركیا كه‌ دووه‌م به‌هێزترین سوپای ناو رێكخراوی هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ"یه‌، به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنی چڵه‌ زه‌یتوونه‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌ وڵاتانی رۆژئاوا گرژی تێكه‌وتووه‌.

ئۆپه‌راسیۆنی چڵه‌ زه‌یتوون بۆ سه‌ر عه‌فرین، پێیناوه‌ته‌ 40ه‌مین رۆژییه‌وه‌ و تاكو ئێستا ئه‌و وڵاته‌ نه‌یتوانیوه‌ شه‌ڕه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یه‌كلا بكاته‌وه‌.

به‌هۆی بۆردومانه‌كانی سوپای توركیا بۆ سه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی، تا ئێستا نزیكه‌ی 200 هاووڵاتی سڤیل شه‌هید بوونه‌ و زیاتر له‌ 600 هاووڵاتی دیكه‌ش برینداربوونه‌.

 

 

ا. م