دەست لەكاروباری سیاسی وەرنادەم

"بەرپرسانی ئێران باسی ریفراندۆمیان لەگەڵ ئێمە نەكردووە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

عیرفان حەیالی، وەزیری بەرگری عێراق بە كوردستان24 گوت: "ھیچ لێدانێكم دژی ریفراندۆم و ھەرێمی كوردستان نەداوە و نابێت سوپا دەستتێوەردان لە پرسە سیاسییەكان بكات".

حەیالی رایگەیاند: "ئەو لێدوانەی بەناوی منەوە بڵاوكرابووەوە دوورە لە راستیەوە بەرپرس نیم لەو جۆرە لێدوانانە و قسەی لەم جۆرەم نەكردووە، ئێمە پێمانوایە، نابێت بە ھیچ شێوەیەك سوپا دەستتێوەردان لە پرسە سیاسییەكان بكات، ھەروەھا نابێ سەرباز بەھیچ جۆرێك قسە لەسەر پرسە سیاسییەكان بكات".

وەزیری بەرگری عێراق راشیگەیاند: "ئەو پەیوەندیی و ھەماھەنگییەی لەنێوان پێشمەرگە و سوپادا ھەیە لە ئاستێكی بەرزدایە، ھەماھەنگیمان بەرەو پێشەوەچووە، سوپای عێراق یەك دوژمنی ھاوبەشیان ھەیە، ھێزەكانی پێشمەرگە پاڵەوانانە رووبەڕووی داعش بوونەوە و قوربانیانداوە".

گوتیشی: "لەم سەردانەدا بۆ ئێران بەرپرسانی تاران باسی ریفراندۆمی ھەرێمی كوردستانیان لەگەڵ نەكردوین، ئێمە بۆ بابەتێكی دیكە سەردانی ئێرانمان كردووە".

سەبارەت بە دواخستنی كۆنترۆڵكردنەوە حەویجە عیرفان حەیالی رایگەیاند: "تا ئێستا كات بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجە و شارەكانی دیكە دیار نەكراوە".

ئەمە لەكاتێكدایە ئاژانسی فارس نیوز بڵاوكردبووەوە، له‌ میانی دیداریدا له‌گه‌ڵ عه‌لی شه‌مخانی سكرتێری ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێراندا عیرفان عالی، وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاندووە: "سوپا قەبوڵ ناکات به‌ رێگه‌ی هه‌نگاوی نایاسایی عێراق پارچه‌پارچه‌ بكرێت" وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ رێگه‌گرتن له‌  ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی  کوردستان" دواتر فارس نیوز لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند كە ھەواڵەكەیان بە ھەڵە بڵاوكردووەتەوە.