سبه‌ى ئه‌نجامى كۆتايى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ ديار ده‌كه‌وێت

كۆميسيۆن: پێشبینی ناكەین گۆڕانكاری تەواو بەسەر كورسییەكاندا بێت
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

سبەی پێنجشەممە لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان ئەنجامە كۆتایییەكانی ھەڵبژاردن بەدیار دەكەون.

له‌و باره‌يه‌وه‌، شێروان زرار گوتەبێژی ئەنجوومەنی كۆمسیاران بە كوردستان24ى راگەیاند، لێكۆڵینەوە لە سكاڵاكان تەواو بووە و ژمارەیەك فۆرم ماوە ئەوانیش بە زووترین كات تۆمار دەكرێن و سبەی ئەنجامە كۆتاییەكان دەردەكەون، بەڵام راگەیاندنەكەی دەكەوێتە ھەفتەی داھاتوو.

له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ئه‌ندامێكى ژوورى هه‌ڵبژاردنى بزووتنەوەی گۆڕان رايگه‌ياند، ئه‌گه‌ر سكاڵاكان كاریگەرییان بەسەر ئەنجامەكانەوە درووست نەكردبێت، ھەڵوێستی سیاسی و یاساییان دەبێت.

رۆژى 30ى ئه‌يلوولى رابردوو، پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى گشتيى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

بە گوێره‌ى ئەنجامە بەراییەكانى هه‌ڵبژاردن:

پارتی ديموكراتى كوردستان: 44 كورسى

یەكێتی نيشتمانى كوردستان: 21 كورسى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان: 12كورسى

نەوەی نوێ: 8 كورسى

كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: 7 كورسى

ليستى بەرەو ئیسڵاح: 5 كورسییان به‌ده‌ستهێناوه‌.

پێشتر كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى له‌ هه‌رێمى كوردستان پێشبینیكردبوو دوای یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان گۆڕانكاری تەواو لە كورسی لایەنەكان رووبدات، بەڵام دوای یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان ئێستا دەڵێت: پێشبینی ناكەین گۆڕانكاری تەواو بەسەر كورسییەكاندا بێت.