سەرۆکەکانی لاوانی سیاسی ئەوروپا له پێشێلكارییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ئاگادار ده‌كرێنه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
لە ئیتاڵیا باسی ریفراندۆم و كێشه‌ی کەرکوک و ئه‌و پێشێكاریانه بۆ سەرجەم سەرۆکەکانی لاوانی سیاسی وڵاتانی ئەوروپا کرا، كه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حه‌شد وسوپای عێراق له رۆژی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر و رۆژانی دواتر دژی كورد ئه‌نجامیانداوه.
فه‌لاح حه‌سه‌ن كه لاوێكی كورده و جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسی جیھانییه، لە شاری میلانۆی ئیتالیا بۆ سەرپەرشتی کردنی بەشێکی کۆبوونەوەکە وەکو جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسی جیھان بەشداریکردو لە تەوەرێکدا باسی کوردستان و دواین گۆرانکاریەکانی کرد.
فەلاح حەسەن، جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسی جیھانی، ئاماژه‌ی بە سەرکەوتنی مەزنی گەلی کوردستانی کرد لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا و باسی لە ھێرش و وێرانکاری و کوشتارەکانی کەرکوک و خورماتووی کرد، كه لەلایەن میلیشیا عیراقیەکان و دۆستە ژێربەژێرەکانیان دژی كوردی ناوچه‌كه ئه‌نجامیانداوه.
جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسی جیھانی، داوای لە ئامادەبووان و سەرۆکەکانی لاوانی سیاسی وڵاتانی ئەوروپی کرد کە لەئێستا و لە ئایندەدا پشتگیری لە گەلی کورد بکەن و ھاوکارمان بن لە بنیاتنانی لۆبیەکی تەندروست بۆ کوردستان.
رۆژی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری سالی 2017 هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق، به‌هۆی ریككه‌وتنێكی ژێر به ژێر له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی (وه‌ك ئه‌وه‌ی له به‌یاننامه‌كانی رۆژی پاشتری جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی و لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ئاماژه‌ی پێكرا) كه‌ركووك و خورماتوو و ناوچه‌كانی ده‌وره‌به‌ریان راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی كران.
هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیش جگه له سووتاندن و وێرانكاردنی ماڵ و دووكانی سه‌دان هاووڵاتی كورد، به‌تایبه‌تی له خورماتوو، سه‌دان هه‌زار هاووڵاتی ناوچه‌كانیان ئاواره كرد‌و تا ئێستاش ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌كان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناوچه‌كانیان و به چه‌ندین شێواز پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به كورد به‌رده‌وامه.